رووداو دیجیتاڵ
بایدن و شای ئوردن بە تەلەفۆن قسەیانکرد و باسیان لە سووریا و غەززە کردووە. بایدن پاڵپشتیی خۆی بۆ قۆناخی راگوزەری سووریا دەربڕیوە و باسی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و رووبەڕووبوونەوەی داعشیشی کردووە.
رۆژی دووشەممە، 09-12-2024، کۆشکی سپیی ئەمریکا بڵاویکردەوە: "سەرۆک بایدن و شا عەبدوڵڵای ئوردن بە تەلەفۆن قسەیانکرد."
کۆشکی سپی رایگەیاند، بایدن پاڵپشتیی خۆی بۆ قۆناخی راگوزەری سووریا، بە لەژێر رۆشنایی پەیماننامەی 2254ـی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتکردەوە؛ "بایدن و شا عەبدوڵڵا باسیان لە دۆخی رۆژهەڵاتی سووریا و هەوڵەکانی دژی داعش کرد."
جۆ بایدن، هەروەک کۆشکی سپی باسیکردووە، گوتوویەتی ئەمریکا پاڵپشتیی لە سەقامگیریی ئوردن دەکات.
دوو سەرکردەکە هەروەها باسی دۆخی غەززەیان کردووە و "داوای ئاگربەست، ئازادکردنی بارمتەکان و زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکانیان کرد."
رۆژی یەکشەممە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەستیان بەسەر دیمەشق داگرت و حکومەتی بەشار ئەسەدیان رووخاند؛ رۆژی دواتر سەرۆکی دەستەکە محەممەد بەشیری راسپارد بۆ ئەوەی حکومەتی نوێی راگوزەری سووریا پێکبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ