ئەمریکا بەنیازە گەشتیاران ناچار بکات زانیاریی کەسی ئاشکرا بکەن

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاگادارییەکی فەرمی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەنیازە فەرمان بەو گەشتیارە بیانییانە بکات کە لە وەرگرتنی ڤیزا بەخشراون، پێش چوونەژوورەوەیان بۆ وڵاتەکە، زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ ماوەی پێنج ساڵی رابردوو ئاشکرا بکەن.
 
پێشنیازەکە، کە رۆژی سێشەممە لە ئاگادارییەکدا لە تۆمارى فیدراڵی دا بڵاوکراوەتەوە، گەشتیارانی 42 وڵات دەگرێتەوە، لەنێویاندا بەریتانیا، فەرەنسا، ئوسترالیا و ژاپۆن، کە پێویستیان بە وەرگرتنی ڤیزا نییە بۆ چوونە نێو ئەمریکا.
 
ئێستا ئەو گەشتیارانە تەنیا پێویستیان بە داواکارییەکە کە بە سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ مۆڵەتی گەشتکردن (ESTA) ناسراوە، ئەو سیستمەش داوایان لێدەکات هەندێک زانیاریی تایبەتی پێشکێش بکەن.
 
بەپێی یاسا پێشنیازکراوە نوێیەکان، کۆکردنەوەی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتە بەشێکی "ناچاری" لە داواکارییەکانی (ESTA).
 
بەپێی ئاگادارییەکە، داواکاران پێویستە زانیاریی پێنج ساڵی رابردووی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پێشکێش بکەن.
 
هەروەها پێویستە "زانیارییە بەنرخەکانی دیکە" پێشکێش بکەن، لەوانەش ئەو ژمارە تەلەفۆنانەى لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو هەیانبووە، ئەو ئیمەیڵانەى بۆ ماوەی 10 ساڵی رابردوو بەکاریانهێناوە، هەروەها زانیاریی تایبەتی ئەندامانی خێزانەکانیان و زانیاریی بایۆمەتری.
 
خەڵک 60 رۆژیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینی لەسەر پێشنیازەکە بدەن کە لە تۆمارى فیدراڵیدا بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەم زانیارییانە لە کەسانێک داوا دەکرێت کە داواى ڤیزاى ئەمریکا دەکەن و کەیسەکانیان بە هەڵواسراوى دەمێنێتەوە. 
 
ئیدارەی ترەمپ، وەکو بەشێک لە هەڵمەتێکی فراوان دژی کۆچ، رێکارەکانی چوونە نێو ئەمریکای تووندترکردووەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە