ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا: چوونی کۆچبەران بۆ یەکێتییەکە 20% کەمیکردووە

11-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا (فرۆنتێکس) بڵاویکردەوە، چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا 20% کەمیکردووە. دەشڵێت، لە 5 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا 17% زیادیکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 11ی حوزەیرانی 2025، فرۆنتێکس بڵاویکردەوە، "پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 63 هەزار و 700 کۆچبەر" چوونەتە ئەورووپا کە 20%ی لە هەمان ماوەی پار کەمترە.
 
فرۆنتێکس دەشڵێت، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی لەم ماوەیەی ئەم ساڵدا چوونەتە ئەورووپا خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان، بەنگلادیش و مالی بوون.
 
فرۆنتێکس لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، چوونی کۆچبەران بە رێگەی رۆژئاوای بەڵکان 56%، بە رێگەی رۆژئاوای ئەفریقا 35% و بە رێگەی رۆژئاوای دەریای نێوەڕاست بۆ ئەورووپا 30% کەمیکردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 5 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 25,540 کۆچبەر بە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزدا چوونەتە بەریتانیا، ئەمە 17%ی لە هەمان ماوەی پار زیاترە. هەروەها، چوونی کۆچبەران بە رێگەی دەریای نێوەڕاست بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا 7% زیادیکردووە.
 
چوونی کۆچبەران بۆ ئەورووپا ساڵ بە ساڵ کەمتر دەبێت؛ پار 239 هەزار کۆچبەر چوونە وڵاتانی ئەورووپا کە 38% لە پێرار کەمتر بوو. ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵ بە ساڵ شەپۆلی دژە کۆچبەری لەو وڵاتانە زیاتر دەبێت.
 
بەشێکی حکومەتی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەستیان بە سیاسەتی سنووردارکردنی چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانیان کردووە، لەوانە ئەڵمانیا. بەشێکی دیکەشیان مەرجەکانی پێدانی وڵاتینامە و مافەکانی دیکەیان بە پەناخوازان قورستر کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە