دوای 22 ساڵ مانەوە؛ نەرویج بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرێکی کورد دەدات

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی "پێدانی زانیاریی هەڵە" لەبارەی تەمەنییەوە لەکاتی گەیشتنی بە نەرویج، فەرمانگەی کۆچبەرانی ئەو وڵاتە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی بۆ کوردێک دەرکردووە کە 22 ساڵە لەو وڵاتە دەژیت.
 
ئاری عومەر محەممەد، هاونیشتمانییەکی تەمەن 50 ساڵە و ماوەی 22 ساڵە لە نەرویج دەژیت، خێزاندارە و باوکی سێ کچە، بەهۆی ''پێدانی زانیاری هەڵە لەبارەی تەمەنییەوە'' بڕیاری رەوانەکردنەوەی لە نەرویج بۆ دەرچووە، ئەوەش خێزانەکەی تووشی شۆک کردووە.
 
لەم هاوینەدا و بە دیاریکراوی لە رۆژی لەدایکبوونیدا، ئاری عومەر محەممەد ئاگادارکرایەوە کە فەرمانگەی کۆچبەرانی نەرویج بڕیاریداوە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە نەرویج و تەواوی ناوچەی شینگن دەربکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەموو مۆڵەتەکانی مانەوەی، چ کاتی و چ هەمیشەیی هەڵوەشێنرانەوە.
 
ئاری دەڵێت: ''ئێستا لە مانگی کانوونی یەکەمدا بڕیارەکە دەرچوو، ئاگادارکرامەوە مۆڵەتی مانەوەکەم لێسەندراوەتەوە. ئەگەر تانە لە بڕیارەکە نەدەین، دەبێت لە ماوەی سێ هەفتەدا وڵات بەجێبهێڵم."
 
بەپێی بڕیارەکەی فەرمانگەی کۆچبەران، هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێدانی زانیاری هەڵە دەربارەی ناسنامەکەی کاتێک لە ساڵی 2003 چووەتە نەرویج. بۆ ئاری، ئەمە تەنیا بڕیارێک نییە، بەڵکو گورزێکە بۆ تەواوی ژیانێک کە ئەو باوەڕی وایە لەسەر بنەمای دەستپاکی، کارکردن و بەرپرسیارێتی بەرامبەر سێ کچەکەی بنیاتی ناوە.
 
کێشەکە لەسەر ناسنامەیە
 
میدیای نەرویج بڵاویکردووەتەوە، فەرمانگەکە پاساوی هەڵوەشاندنەوەی مانەوەکە و دەرکردنەکە دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ئاری ناسنامەی هەڵەی پێداون، لەوانەش ساڵی لەدایکبوون، شوێنی لەدایکبوون و پاشخانەکەی بە هەڵە داوە کاتێک چووەتە نەرویج.
 
ئاری بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەڵگەنامەی ناسنامەیەکی عێراقی بەکارهێناوە کە دواتر لەلایەن سەنتەری نیشتمانی ناسنامەی نەرویجەوە وەک "بەڵگەنامەی ساختە" هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە.
 
ئەو هاونیشتمانییە ساڵی 2003 گوتبووی کە ساڵی 1981 لەدایکبووە، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتووە کە ساڵی 1975 لە دایکبووە.
 
ئاری پێیوایە دەبێت ئەمە لە چوارچێوەی ئەو دۆخەدا بزانرێت کە زۆر لە کوردەکان لەو کاتەدا تێیدا بوون و دەڵێت: "زۆر لەو کوردانەی لە عێراقەوە هاتوون ساڵی لەدایکبوونیان هەڵەیە، چونکە پێشتر هیچ شتێک لە عێراق بە دروستی تۆمار نەدەکرا. بە تێپەڕبوونی کات زانیم چی راستە و لە ساڵی 2018 بەڵگەنامەیەکی نوێم دەستکەوت کە ناسنامە راستەقینەکەم نیشان دەدات، بەڵام سوودی نەبوو."
 
فەرمانگەی کۆچی نەرویج پێیانوایە زانیارییە هەڵەکان ئەوەندە زۆر و درێژخایەن بوون کە "کار دەکاتە سەر ئەو رێوشوێنانەی کۆنتڕۆڵکردن لە یاسای کۆچبەری دەیەوێت بیپارێزێت" و دەبێت ئاری بە کەسێک دابنرێت کە ناسنامەی هەڵەی پێشکەش کردووە "بۆ ماوەی چەندین ساڵ و لە چەندین داواکاریدا."
 
یاسای لێخۆشبوونەکە ئاری نەگرتەوە
 
لە ساڵی 2016 پەرلەمانی نەرویج بەرنامەیەکی روونکردنەوەی ناسنامەی بۆ ئەو عێراقییانە پەسندکرد کە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2010 مۆڵەتی مانەوەیان وەرگرتبوو، ئەمە جۆرێک بوو لە لێخۆشبوون کە نزیکەی 600 کەسی گرتەوە.
 
ئاری دەڵێت: ''من لە ساڵی 2011 مۆڵەتی مانەوەم وەرگرت، بۆیە لێخۆشبوونەکە من ناگرێتەوە. پێموایە ئەمە نادادپەروەرییە کاتێک لە ساڵی 2018 ناسنامەی خۆم بە کارتی ناسنامەی نوێ لە عێراقەوە سەلماند."
 
لە بڕیارەکەیدا فەرمانگە نەرویجیەکە دەنووسێت کە ئاری مەرجەکانی بەشداریکردن لە بەرنامەکەی تێدا نەبووە و بۆیە دەبێت دۆسیەکە "بە شێوەیەکی ئاسایی" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
 
مەترسی لەسەر خێزانەکە
 
ئاری تەواوی تەمەنی گەنجێتی لە نەرویج ژیاوە، خێزانی پێکهێناوە و خاوەنی دووکانی خواردنی خێرای خۆیەتی لە شاری "سیم".
 
ئەو دەڵێت: "دوای 22 ساڵ لە نەرویج، ئەمە زۆر لەناکاو هات. من سێ منداڵم هەیە کە زۆر پشتیان بە من بەستووە. هەموو ژیانم، چێشتخانەکەم، منداڵەکانم و خێزانەکەم لێرەن. ئەمە کارەساتە."
 
فەرمانگەی کۆچ دان بەوەدا دەنێت کە دەرکردنەکە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی کاتی خێزانەکە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە منداڵەکان دەتوانن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندییان لەگەڵ باوکیان هەبێت یان سەردانی باوکیان بکەن لە عێراق.
 
سازان عومەر ئەحمەد، هاوژینی ئاری دەڵێت: ''ئەمە زۆر دڵتەزێنە. من بە تەنیا ناتوانم ئاگاداری منداڵەکان بم. من کار ناکەم چونکە نەخۆشم. هەرسێکیان زۆر وابەستەی باوکیانن، ئەمە زۆر نادادپەروەرانەیە."
 
''بەبێ باوکم ناتوانم بژیم''
 
کچەکانی ئاری باس لە کاریگەرییە دەروونییەکانی بڕیارەکە دەکەن. بانە تەمەنی 15 ساڵە، دەڵێت: ''من بەبێ باوکم ناتوانم بژیم. زۆر خەمبارم و هەموو رۆژێک بیر لەمە دەکەمەوە. زۆر ئازارم چەشتووە و ئامادەنەبوونم زۆر بووە لە قوتابخانە. لەژێر چارەسەردام."
 
هەروەها لانە، کە کچی گەورەی خێزانەکەیە و تەمەنی 18 ساڵە، دەڵێت بڕیارەکە ترسێکی زۆری لەلای ئەو دروستکردووە و لەلایەن نەخۆشخانەشەوە کاریگەری بڕیارەکە لەسەر دەرونی پشتڕاستکراوەتەوە. لانە دەڵێت: ''دۆخەکە هەرگیز باش نییە. بەبێ باوکم ناتوانم بژیم."
 
نیگەرانییەکی قوڵ بۆ ئایندە
 
ئاری دۆخەکە بە زۆر نادادپەروەرانە وەسف دەکات. ئاری لەبارەی بڕیارەکەوە گوتی، "بەلامەوە سەیرە کە نەرویجی دیموکرات تاوانباران دەرناکات، هیچ سوودێکیان نییە، بەڵام لەبری ئەوە کەسێک دەردەکات کە تەواوی ژیانی کاری کردووە، تەنیا بەهۆی ساڵێکی لەدایکبوونی هەڵەوە. هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە نەرویج ئەمە بەرامبەر پیاوێکی بێتاوان بکات."
 
ئەو نەک تەنیا بۆ ئایندەی خۆی بەڵکو بۆ ئایندەی منداڵەکانیشی دەترسێت. دەشڵێت، "مافی منداڵەکان لە کوێیە؟ من هیچم لە عێراق نییە."
 
خێزانەکە ئێستا هیواخوازن کە تانەدانێکی نوێ ببێتە هۆی ئەوەی بڕیارەکە لە لیژنەی تێهەڵچوونەوەی کۆچبەران هەڵبوەشێندرێتەوە. ئێستا، ئاری و خێزانەکەی لە نادڵنیاییدا دەژین، کە تاوەکو کەی دەتوانن پێکەوە بمێننەوە.
 
پارێزەر: دەبێت بەرژەوەندیی منداڵ یەکلاکەرەوە بێت
 
یان ماگنە، پارێزەر لە کۆمپانیای بیرنتسن و بیرکلاند پێیوایە دۆسیەکەی ئاری نایەکسانی یاسایی و مرۆیی گەورە پیشان دەدات.
 
ماگنە دەڵێت: "سەدان کەس لە رێگەی بەرنامەی لێخۆشبوونەکەوە مۆڵەتی مانەوەیان وەرگرت، هەرچەندە گومانی ئاشکرا هەبوو لەسەر ناسنامەکەیان. ئاری نەیتوانی بەشداری بکات چونکە مۆڵەتی مانەوەکەی دوای وادەی 2010 وەرگرتبوو. ئێستا رووبەڕووی دەرکردن دەبێتەوە لەسەر هەمان ئەو بارودۆخەی کە ئەوانی دیکە رێگەیان پێدراوە بمێننەوە."
 
پارێزەرەکە جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵاتداران گرنگییەکی کەم بە گەورەکان دەدەن، بەڵام "دەبێت بەرژەوەندی باڵای منداڵ یەکلاکەرەوە بێت. ئەو سێ منداڵی هەیە کە بە شێوازی جیاواز دەناڵێنن. دەبێت مرۆڤ لە خۆی بپرسێت چەندە ژیرانەیە باوکێک بنێریتە دەرەوە و مەترسی تەندروستی بۆ منداڵەکان دروست بکەیت."
 
ئێستا تانەکە بۆ لیژنەی تێهەڵچوونەوەی کۆچبەران نێردراوە و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەکە سێ بۆ شەش مانگ بخایەنێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیشتنێکی کۆنگرێسی ئەمریکا. وێنە: Reuters

کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگی لەسەر هەڵگرتنی یاسای قەیسەر لەسەر سووریا دا

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی بە "یاسای قەیسەر" ناسراون لەسەر سووریا، پێشنیازەکە لە چوارچێوەی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2026 جێگیر کرابوو.