رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە هەڕەشەی لە ئێران کرد کە ئەگەر لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەگاتە رێککەوتن، رووبەڕووی لێکەوتەی "زۆر کارەساتبار" دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هیوادارە لە مانگی داهاتوودا ئەنجامێک بەدەستبێت.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو، گوتی: "دەبێت رێککەوتن بکەین، ئەگەرنا زۆر کارەساتبار دەبێت. نامەوێت ئەوە رووبدات، بەڵام دەبێت رێککەوتن بکەین."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئەگەر رێککەوتن نەکەن، دۆخەکە بۆ ئێران زۆر بە کارەساتبار دەبێت."
نەتەنیاهوو رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو کە ترەمپ خەریکە دۆخێک دروست دەکات کە رەنگە ببێتە هۆی بەدەستهێنانی "رێککەوتنێکی باش" لەگەڵ ئێران، هەرچەندە خۆی هێشتا بەگومانە لەوەی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە چۆن دەبێت.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ لە واشنتن، نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پێموایە ئەو دۆخەی [ترەمپ] دروستی دەکات، رەنگە زەمینە خۆش بکات بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی باش، لە کاتێکدا [ئێران] بە دڵنیاییەوە تێگەیشتووە جاری پێشوو هەڵەیان کرد کە رێکنەکەوتن."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "لێتان نایشارمەوە کە بەگشتی بەگومانم لە کواڵیتیی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران."
نەتەنیاهوو جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت هەر رێککەوتنێک پرسی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و پشتیوانییەکانی تاران بۆ گرووپە چەکدارە بەوەکالەتەکانی ئێران لە ناوچەکە لەخۆ بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ