جیهان
دیمەنێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەیەک کە داعش تێیدا بووە و ئاڵا و ئاماژەی خۆیان تێدا نووسیوە. وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی IEP ئاشکرای دەکات، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دۆخی 45 وڵات خراپتر بووە، لە جیهاندا 7555 کەس بەهۆی هێرشی تیرۆریستییەوە لە 2024دا کوژراون، کە 13% کەمترە لە 2023. لە راپۆرتەکەدا داعش بە "مەترسیدارترین گرووپ" لە جیهان ناو براوە، بەڵام هێرشەکانی کەمتر بوون. دۆخی عێراق باشتر بووە، بەڵام سووریا خراپتر بووە و لە وڵاتانی رۆژئاواش تیرۆر زیادی کردووە.
وڵاتان بەپێی مەترسیی تیرۆر ریزبەند کراون، ریزبەندیی هەر وڵاتێک چەندە لە پێشەوە بێت، واتە دۆخی ئاسایشی خراپتر و هەڕەشەی تیرۆر زیاترە و زیاتر بە کردەی تیرۆریستی کاریگەر بوون، پێچەوانەکەشی راستە.
دۆخی 45 وڵات لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا خراپتر بووە
بەپێی راپۆرتەکە، تیرۆر لە ساڵی رابردوودا، وەکو ئاستەنگ و بەربەستێکی جیدی ماوەتەوە، دۆخی 45 وڵات لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا خراپتر بووە، لە بەرامبەردا دۆخی 34 وڵات باشتر بووە، بەم شێوەیەش دەبێتە یەکەم جار دوای 7 ساڵ ژمارەی ئەو وڵاتانەی دۆخیان بەرەو خراپی رۆیشتووە زیاتر ببێت لە ژمارەی ئەو وڵاتانەی دۆخیان باشتر بووە، هاوکات ژمارەی ئەو وڵاتانەی کردەی تیرۆریستی کاریگەریی لەسەریان هەبووە، لە 58 وڵاتەوە بووەتە 66 وڵات.
بەپێی راپۆرتەکە، "بەهۆی تیرۆرەوە، لە 2024دا لە سەرانسەری جیهاندا 7555 کەس لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا کوژراون، بەراورد بە ساڵی 2023 رێژەکە 13% کەم بووەتەوە، لە 2023 دا هێرشی حەماس ژمارەکەی بەرزتر کردبووەوە، بێ هەژمارکردنی قوربانیی ئەو هێرشە ژمارەکان بۆ هەردوو ساڵ لێک نزیکن.
هەروەها ژمارەی کردەوە تیرۆریستییەکان لە بەراوردی نێوان 2023 و 2024دا 3% دابەزیوە، ساڵی 2024 لە سەرانسەری جیهاندا 3492 هێرشی تیرۆریستی کراون، هۆکاری دابەزینەکە نەمان و کەمبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکانە لە میانمار بە رێژەی 85% لە 2024دا، ئەگەر میانمار ئەو هێرشانەی تێدا مابایە، هێرشە تیرۆریستییەکان 8% زیادیان دەکرد.
پڕ جموجووڵترین گرووپە چەکدارەکان لە جیهان
هەر بەپێی راپۆرتەکە، داعش، گرووپی نەسرەتولئیسلام و موسڵمانان، بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان و گرووپی شەباب، پڕ جموجووڵترین گرووپی تیرۆریستی بوون، کاریگەریی ئەو گرووپانە بەردەوام زیاتر بووە لەگەڵ مەترسییان.
ئاماژە بەوەش کراوە، ژمارەی کوژراوانیش بە دەستی هەر چوار گرووپەکە 11% زیادیکردووە و لە ساڵی 2024دا 4204 کەس بە دەستی ئەو چوار گرووپە کوژراون، چوار گرووپەکە لە ساڵی رابردوودا لە 30 وڵات جموجووڵیان هەبووە و بەرپرسیارێتیی 80%ی کردەوە تیرۆریستییەکانیان لەئەستۆ گرتووە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە 36%ی کۆی هێرشە تیرۆرستییەکان لە جیهاندا هەر نازانرێت چ گرووپ و رێکخراوێک کردوویانە.
ئەو سێ وڵاتە کامانەن کە کردەی تیرۆریستی تێیاندا زیادی کردووە؟
لە سێ وڵات بەدیاریکراوی کردە تیرۆریستییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوون، ئەوانیش پاکستان، سووریا و مالی-ن، بەڵام کاریگەریی کردەوەکان لە بۆرکینا فاسۆ، پاکستان و سووریا لە هەموو وڵاتێکی دیکە دیارتر بووە، هەروەها ژمارەی قوربانییەکان لە هەموو وڵاتێکی دیکە زیاتر لە نەیجیریا، پاکستان، رووسیا و ئێران لە ساڵی رابردوودا بەرەو زیادبوون رۆیشتووە، لە رووسیا 197 قوربانیی دەستی تیرۆر و لە ئێران 163 کوژراو بەهۆی تیرۆرەوە هەبووە.
بەپێی راپۆرتەکە، "ژمارەی کوژراوان لە ئیسرائیل بەراورد لەگەڵ ساڵی 2023 لە هەموو وڵاتێک زیاتر کەمبووەتەوە، 6 پلە هاتووتە خوارەوە، بەڵام هەریەکە لە رووسیا 21 پلە، ئێران 16 پلە و ئەڵمانیا 13 پلە چوونەتە پێش، بەراورد لەگەڵ ساڵی 2023 دۆخیان خراپتر بووە."
مەترسیدارترین گرووپی تیرۆریستی لە جیهان دا:
- داعش لە 2024دا، مەترسیدارترین گرووپی تیرۆرستی بووە لە جیهاندا.
- داعش لە 22 وڵاتدا وەکو گرووپێکی چالاک پۆلین کراوە.
- لە ساڵی 2024دا، 24 پلانی داعش پووچەڵ کراونەتەوە.
- هێرشەکانی داعش زیاتر بوون، بەڵام قوربانی کەمتر بووەتەوە.
لە ساڵی 2024دا، داعش مەترسیدارترین و پڕ جموجووڵترین گرووپی تیرۆرستی بووە لە جیهاندا، بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە 1805 کەس بوونەتە قوربانی، قوربانییەکانی دەستی داعش 10% کەمبوونەتەوە، هێرشەکانی داعش 16%ی کۆی هێرشە تیرۆرستییەکان پێکدەهێنن.
بەپێی راپۆرتەکەی IEP، داعش وەکو رێکخراوێکی ناناوەندی کار دەکات، 9 گرووپ و لقی هەیە، هەر یەکێکیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکات و تەنیا بەناو بەستراوەتەوە بە داعشەوە.
لە ساڵی 2024دا، 24 پلانی داعش پووچەڵ کراون؛ پێنج پلانی هێرش لە ئیسرائیل، چوار لە ئەمریکا، ژمارەیەک هەوڵی هێرش لەلایەن داعشەوە لە ئێران، تورکیا، ئەڵمانیا، سوێد و رووسیا.
هێرشی چەکداری بە شێوەی گرووپ و تاک، شێوە باوەکەی هێرشەکانی داعشە، 6 ساڵە لەسەر یەک هەمان شێوە دەگرێتەبەر، داعش ئامانجی لێدانە لە بنکە و خاڵە سەربازییەکان، بەڵام زۆرترین قوربانی دەستی گرووپەکە خەڵکی سڤیلن.
هێرشەکانی داعش لە 2024 و 2023دا:
داعش لە سەرانسەری جیهان لە 2024دا 559 هێرشی کردووە.
لە 2023دا لە وڵاتانی جیهان 525 هێرشی کردبوو.
قوربانییانی دەستی داعش لە 2024 و 2023دا:
پار 309 کەس بەهۆی هێرشەکانی داعش لە وڵاتاندا کوژراون.
ساڵی 2023 لە جیهاندا 605 کەس بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە کوژراون.
مەترسیدارترین شوێنی تیرۆر
کەناراوەکانی ئەفریقا بوونەتە مەترسیدارترین شوێنی بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە جیهاندا.
لە ساڵانی رابردوودا، گۆڕانکاری بەسەر جوگرافیای تیرۆردا هاتووە و ئێستا کەناراوەکانی ئەفریقا بوونەتە ناوەندی بڵاوبوونەوە و مەترسیی تیرۆر، لە ساڵی 2007دا، 1%ی تیرۆر لە ناوچەی کەناراوەکان (ساحل) بوو، بەڵام ئێستا 51%ی کوژراوەکانی دەستی تیرۆر لەو ناوچەیە تۆمار کراون.
بۆرکینا فاسۆ زیانلێکەوتووترین وڵاتە، چونکە یەک لەسەر 5ی قوربانییانی دەستی تیرۆر دەکەونە ئەو وڵاتە.
دۆخی عێراق
بەپێی راپۆرتەکەی پەیمانگەی ئاشتی و ئابووری، لە ساڵی 2007ـەوە عێراق بەهۆی کردەوەکانی داعش لە هەموو وڵاتێک زیاتر زەرەرمەند بووە، لە 2007ـەوە تاوەکو ئێستا لە عێراق 9088 کەس بەدەستی داعش و گرووپی دیکەی تیرۆرستی کوژراون.
بەڵام لەو کاتەوە، گەورەترین گۆڕانکاری لە ژمارەی کوژراوەکان لە عێراق روویداوە، لە بەراوردی نێوان 2007 بۆ 2024 رێژەی کوژراوانی دەستی گرووپە تیرۆرستییەکان 99% کەمبووەتەوە.
ژمارەی کوژراوان لە 2007دا لە عێراق: 6249 کەس
ژمارەی کوژراوان لە 2024دا لە عێراق: 59 کەس
سەبارەت بە پێوەری تیرۆر بۆ عێراق، وڵاتەکە بەردەوام پلەی باشتر دەبێت لە ریزبەندیی وڵاتانی کاریگەر و زەرەرمەندی تیرۆر، ساڵی رابردوو دوو پلە چووەتە پێش و ئێستا لە ریزبەندیی 13دایە لەسەر ئاستی جیهان.
دۆخی سووریا
دوای کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، بۆشاییەکی ئەمنی لە سووریا دروستبوو، ئەمەش وەکو دەرفەتێکی گونجاو لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە قۆزرایەوە، بۆیە هێرشی ئەم گرووپانە لەنێوان دوایین مانگی ساڵی رابردوو و یەکەم مانگی 2025 زیاتر بوون، لەو ماوەیەدا نزیکەی 100 کوژراوی دەستی تیرۆر هەبوون لە سووریا.
سووریا لەسەر ئاستی جیهاندا لە ریزبەندیی سێیەمدا دێت، دۆخی تەنیا لە بۆرکینا فاسۆ و پاکستان باشترە، ساڵی رابردوو ژمارەی کردەی تیرۆرستی بەراورد لەگەڵ ساڵی 2023 بە رێژەی 16% زیاد بووە و ژمارەی کوژراوانیش لە سووریا 4% زیاد بووە.
لە ساڵی 2024دا لە سووریا 430 هێرشی تیرۆرستی کراون، 744 کەس کوژراون و 408 کەس بریندار بوون.
شارەکانی سەر سنووری رۆژهەڵاتی سووریا لە هەموو شارەکانی دیکە زیاتر تووشی زیان بوون، 76%ی جموجووڵی تیرۆر لە هەردوو شاری حمس و دێرەزوور بوون، کە هاوسنوورن لەگەڵ عێراق.
لەم شارانە ژمارەی کوژراوان 11% زیادیکردووە، داعش بەرپرسیار بووە لە 95%ی ئەو هێرشانە و کوژراوانیش.
- شاری حمس، لە ریزی یەکەمی زۆرترین هێرشی داعش دێت 252 کەس بەهۆی هێرشەکانی داعش کوژراون.
- لە دێرەزوور ساڵی 2024 بە کۆی گشتی 248 کەس بەهۆی هێرشی داعشەوە کوژراون.
- لە رەققە لە 2024 دا بەهۆی هێرشی داعش 154 کەس کوژراون.
داعش لە سووریا و کۆنگۆی دیموکرات زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە چالاکە، لە سووریا داعش بەرپرس بووە لە 369 رووداو لە کۆی 559 رووداوی چەکداری.
لە کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ، نزیکەی 40 هەزار کەس لە کەسوکاری داعش دەژین، بەپێی راپۆرتەکە ئەو دوو کەمپە بوونەتە شوێنێکی گونجاو بۆ داعش، تاوەکو بەردەوامبێت لە بڵاوکردنەوەی بیر و هزری پەڕگیری و دروستکردنی نەوەیەکی نوێی چەکداران.
دۆخی وڵاتانی رۆژئاوا
تیرۆر لە وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر بووە، ژمارەی هێرشەکان لە ساڵی 2023دا 32 هێرش بوون، لە ساڵی 2024دا ژمارەکە بووەتە 52 هێرش.
بەشی هەرە زۆری هێرشەکان لەلایەن گەنج و مێردمنداڵانەوە کراون، کە پەیوەندییان نییە لەگەڵ گرووپێکی دیاریکراو، بەڵام لە رێگەی ئینتەرنێتەوە فێری کردەوەکان دەبن، بەتایبەت لە رێگەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان و دارک وێبەوە، بۆیە 20%ی دەستبەسەرکراوەکان بە تۆمەتی تیرۆر لە خوار تەمەنی یاسایین و منداڵن.
بەپێی راپۆرتەکەی IEP، ئەڵمانیا وەکو خراپترین وڵات لەسەر ئاستی وڵاتە رۆژئاواییەکان پۆلێن کراوە و لە ریزبەندیی 27دا دێت لە هەڕەشەی تیرۆردا، وڵاتەکە یەكێکە لەو 7 وڵاتەی لەناو خراپترین 50 وڵاتی جیهاندان، لە هەموویان زیاتر بەهۆی تیرۆر زەرەرمەند بوون.
لە ئەمریکا، کردەی تیرۆرستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی گوتاری رق و کینە زیاد بووە، بەتایبەتی دژی جوو و موسڵمان.
بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI، لە ماوەی دوو مانگدا لە هەندێک ویلایەت ئەو جۆرە کردەوانە بە رێژەی 270% زیاد بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ