رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا کە گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتوونەتە لووتکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی دایە ئیسرائیلی هاوپەیمانی و داوای لێکرد هێرش نەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. جەختی کردەوە، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ تاران "زۆر نزیکن" و هێرشێکی لەو جۆرە دەتوانێت هەوڵە دیپلۆماسییەکان "تێکبدات".
رۆژی پێنجشەممە 12-06-2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەدانا کە ئیسرائیل بیری لە هێرشکردن کردووەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەتوانێت "پێکدادانێکی گەورە" دروست بکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ نەتەنیاهوو، بە راشکاوی گوتی: "نامەوێت بچنە پێشەوە [هێرش بکەن]، چونکە پێموایە ئەوە [هەوڵەکان] تێکدەدات." پاشان بە خێرایی گوتیشی: "لە راستیدا، رەنگە یارمەتیدەریش بێت، بەڵام دەشکرێت تێکی بدات." ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەتەنیاهوو داوای لێکردووە واز لە هەڕەشەکردن لە ئێران بهێنێت.
ترەمپ جارێکی دیکە خۆی وەک "پیاوی ئاشتی" ناوبرد و رایگەیاند، خوازیاری رێگەچارەی دیپلۆماسییە، بەڵام داوای سازشی زیاتر لە ئێران کرد و گوتی: "پێویستە ئێران کەمێک تووندتر دانوستاندن بکات، واتا دەبێت هەندێک شتمان پێبدەن کە ئێستا ئامادەنین پێمان بدەن." ئەو دووپاتیشیکردەوە، هێڵی سووری واشنتن نەگۆڕە و "ئێران ناتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. ئێمە رێگە بەوە نادەین."
گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روو لە هەڵکشان دەکەن
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی "بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان"، فەرمانی بە کارمەندە ناپێویستەکانی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتی لە هەولێر کرد عێراق جێبهێڵن. گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، فەرمانەکە هەردوو نوێنەرایەتییەکەی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. هاوکات، رێنمایی گەشتکردن بۆ عێراق گەیێندرایە بەرزترین ئاستی مەترسی (ئاستی 4)، کە بە واتای قەدەخەکردنی گەشتکردن دێت.
ترەمپ خۆی رۆژی چوارشەممە هۆکاری کشانەوەکەی روونکردەوە و گوتی: "ئەوان [کارمەند و سەربازەکانی ئەمریکا] دەکشێندرێنەوە، چونکە دەکرێت ئەوێ شوێنێکی مەترسیدار بێت."
لە بەرامبەردا، ئێران هەڕەشەی تووندی کردووە. عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەگەر "شەڕێکمان بەسەردا بسەپێنرێت،" سوپای پاسداران "هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دەورووبەر دەکاتە ئامانج." ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) هۆشداری بداتە کەشتییەکان کە بە وریاییەوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە، چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکی و ئەورووپی بە میدیاکانیان راگەیاندووە کە ئیسرائیل بە تەواوی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادەیە. ئەمەش نیگەرانییەکانی واشنتنی زیاتر کردووە، پێشبینی دەکات ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەنێو هەڕەشەکاندا بەردەوامن
سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەوەستاون. بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 15ـی حوزەیران، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شەشەمین گەڕی دانوستاندنەکان لە مەسقەتی پایتەختی عومان لەگەڵ شاندی ئێرانی بکات.
ئێران رایگەیاندووە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز دەکاتەوە، کە خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەردوو لایە. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران خاوەنی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 60%، کە تەنیا هەنگاوێکی کەمی ماوە بۆ گەیشتن بە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لەبەردەم کۆنگرێس نیگەرانییەکانی پێنتاگۆنی خستەڕوو و گوتی: "چەندین ئاماژەی روون هەن کە ئەوان بەرەو شتێک دەچن زۆر لە چەکی ئەتۆمییەوە نزیکە."
لە کۆتاییدا، دۆخەکە لە نێوان هیوای گەیشتن بە رێککەوتن و مەترسیی تەقینەوەی جەنگێکی گەورەدا هەڵواسراوە، لە کاتێکدا هەموو لایەنەکان چاویان لەسەر دانوستاندندنەکانی رۆژی یەکشەممەی داهاتووی عومانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ