رووداو دیجیتاڵ
کۆمارییەکانی ئەمریکا گوشاریان بۆ سەر ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا زیاتر کردووە بۆ ئەوەی وەڵامێکی تووندی ئەو هێرشانە بداتەوە، کە لە عێراق و سووریا دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە.
لەماوەی رابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق، کە ئەمریکا دەڵێت هێزەکانی نزیک لە ئێران ئەنجامدەری هێرشەکانن.
لە ماوەی یەک هەفتەدا شەش هێرشی مووشەکی و درۆن کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و سووریا لەوانەش هێرشێکی مووشەکی بۆ سە ربنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و هەروەها هێرشەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو کە بە درۆن کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.
جیم ئینهەوف، سیناتۆری کۆماری و ئەندامی لیژنەی سەربازیی ئەنجوومەنی پیران دەڵێت، نابێت ئیدارەی کۆشکی سپی بەهیچ جۆریك چاوپۆشی لە هێرشی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بکات، کە دەیکاتە سەر ئەمریکییەکان لە عێراق.
داواش دەکات کۆشكی سپی ستراتیژێکی راستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان پەیڕەو بکات نەک تەنیا وەڵامدانەوەیەکی بچووکی هێرشەکان بە هێرشکردنە سەر سەربازگەیەک.
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە پێیوایە ئەمریکا نابێت هێرش بەرامبەر هێرش ئەنجام بدات، چونکە ئەمە کۆتایی بە هێرشەکان ناهێنێت بەڵکو دەبێت بەجۆرێك کار بکات کۆتایی بە سەرچاوەی هێرشەکان بهێنێت.
بەڵام کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری دیموکرات دەڵێت سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی نییە هێرشی فراوان بکاتە سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، چونکە هێرشی لەو جۆرە پێویستیی بە رەزامەندیی کۆنگرێسە.
میک مەلرەی، بەرپرسی پێشووی سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پێیوایە ئێران بەو جۆرە خۆی لەپشت وەکیلە شەڕکەرەکانییەوە حەشار دەدات، بۆیە پێویستە بایدن بە ئاشکرا بۆ ئێرانی بسەلمێنێت کە ئێران ناتوانێت لەپشت ئەو هێزانەوە هێرش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ