59 پەرلەمانتاری بەریتانیا داوا دەکەن دان بە فەلەستیندا بنرێت

12-07-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

59 پەرلەمانتاری بەریتانیا لە نامەیەکدا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن دان بە فەlەستیندا بنێت وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دەشڵێن، پێویستە حکومەتی وڵاتەکەیان ژمارەیەک رێکار بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە ئیسرائیل بکەن لە جێبەجێکردنی پلانی رەفەح و راگواستنی دانیشتووانی غەززە.   
 
رۆژی شەممە، 12ی تەممووزی 2025، میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، 59 پەرلەمانتاری وڵاتەکەیان نامەیەکیان بۆ دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان ناردووە و نووسیوویانە، "بە داننەنان بە فەلەستیندا وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، سیاسەتی چارەسەری دوو دەوڵەتی خۆمان پشتگوێ دەخەین". 
 
پەرلەمانتارەکان زۆرینەیان لە گرووپی هاوڕێیانی کار بۆ پاڵپشتیکردنی فەلەستین و گرووپی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون. پێکهێنەری هەردوو گرووپەکە زۆرینەیان لە پارتی کارن. 
 
ئەو پەرلەمانتارانە داواش دەکەن حکومەتی وڵاتەکەیان رێگری لە پلانی حکومەتی ئیسرائیل بۆ راگواستنی تەواوی دانیشتووانی غەززە بۆ باشووری کەرتەکە و پاشان وەدەرنانیان لە کەرتی غەززە بکات. پلانەکە ناوی "پلانی رەفەحە" و پەرلەمانتارەکان دەڵێن، ئەو کارەی تەل ئەڤیڤ "پاکتاوی نەژادییە". 
 
بەرپرسانی ئیسرائیل چەند جارێک ئەو تۆمەتەیان رەتکردووەتەوە و دەڵێن، گواستنەوەی دانیشتووان بۆ باشووری غەززە، بۆ جیاکردنەوەیانە لە چەکدارانی حەماس. 
 
نامەی ئەو پەرلەمانتارانە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "ئەمڕۆ، بەیەکەوە کار بۆ دانان بە دەوڵەتی فەلەستین و دەستپێشخەرییەکی سیاسی وەکو تاکە رێگەی ئاشتی دەکەین". 
 
هەنگاوی ئەو دوو دەوڵەتە دوای ئەوە هات کە پار هەریەک لە نەرویج، ئێرلەندا و ئیسپانیا دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا. تاوەکو ئێستا لە 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان 150یان دانیان بە فەلەستیندا ناوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە شاری بۆن لە ئەڵمانیا. وێنە: رووداو

پۆلیسی بۆن دەربارەی ئاهەنگی نەورۆز: چالاکییەکە بە سەلامەتی و بێ کێشە بەڕێوەچوو

بە هەزاران کوردستانی لە شاری بۆنی ئەڵمانیا بۆ بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز کۆبوونەوە. ئەو ئاهەنگە گەورەترین ئاهەنگی نەورۆزی کوردانی دیاسپۆرایە لە ئەورووپا کە لە لایەن کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییەوە سازکراوە