کیم جۆنگ ئوون بە گریانەوە: شکستم هێنا

12-10-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن کیم جۆنگ ئوون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەندە میلـلەتەکەی بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن، دەسەڵاتی رەهای بەسەر هەموو دانیشتووانی وڵاتەکەیدا سەپاندووە و لە جیهان دایبڕیون، رێبەری کۆریای باکوور بە گریانەوە دەردەکەوێت، داوای لێبووردن دەکات، فرمێسک دەڕێژێت و دەڵێت، "شکستم هێنا". 
 
کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور لە رێوڕەسمێکدا قسەی بۆ سەربازانی وڵاتەکەی کرد، سوپاسی خەڵکی وڵاتەکەی کرد بۆ ئەو قوربانییانەی داویانە و گوتی، پشت بە خەڵکی ئاسایی دەبەستێت بۆ تێپەڕاندنی کێشەکانی وڵاتەکەی. 
 
بەپێی گوتەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسەتی کۆریای باکوور، کیم بەو گوتانەی دەیەوێت خۆی زیاتر وەکو سەرکردەیەکی باوی سیاسی دەربخات لەچاو کیم جۆنگ ئیل ـی باوکی. 
 
کیم لەکاتی قسەکردن بۆ سەربازانی وڵاتەکەی هەستی بەسەریدا زاڵبوو و فرمێسکی رشت، ئەوەش کاتێک سوپاسی سەربازانی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی، کارەساتە نیشتمانییەکان و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. هاوکات داوای لێبووردنی لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد کە نەیتوانیوە ئاستی ژیانیان بەرزبکاتەوە. 
 
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 شوێنی باوکی گرتووەتەوە، کیم جۆنگ ئوون بەرەوپێشبردنی ئابووریی کردووەتە بنەمای سەرەکیی کارەکانی، بەڵام پلانەکانی بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی، پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پلانی دیکەی ئابووری بەهۆی سزاکانی سەر چەکی ئەتۆمی و پرۆگرامی مووشەکە بالیستییەکانی وەستێندران. 
 
کیم جۆنگ ئوون قسەی بۆ سەربازەکانی کرد، بە قوڕگی پڕ گریانەوە گوتی "خەڵک هێندەی بەرزایی ئاسمانەکان و هێندەی قووڵایی دەریاکان متمانەیان بە من داوە، بەڵام من هەمیشە شکستم هێناوە لەوەی لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەواندا بم. من بە راستی داوای لێبوردن دەکەم".
 
کیم ئەو قسانەی لە یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور لە 10ـی ئەم مانگە کرد کە حیزبەکەی خۆیەتی. گوتی "خەڵکی ئێمە هەمیشە سوپاس گوزاری حیزب بوون، بەڵام ئەوان خۆیان بە دڵنیاییەوە شایەنی سەر بۆدانەواندن و سوپاسگوزارین". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە