UN لەبارەی بێڕێزی بە تەرمی ژنە شەڕڤانێک بۆ رووداو: دەبێت لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی بێڕێزیکردن بە تەرمی شەڕڤانێکی ژنی کورد لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریا دەربڕی و داوای "لێپرسینەوە"ـی لە بکەرانی کرد. هاوکات داوای لە دیمەشق و هەسەدە کرد بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن.
 
رۆژی سێشەممە، 13-1-2026، نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پرسیاری لە ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، لەبارەی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییەی کە تێیدا دەردەکەوێت هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە حەلەب بێڕێزی بە تەرمی شەڕڤانێکی ژنی کورد دەکەن و لە نهۆمێکی بەرزی باڵەخانەیەکەوە فڕێی دەدەنە خوارەوە.
 
ستێفان دووژاریک، لە وەڵامدا گوتی: "ئەو راپۆرتانەم بینیوە، زۆر نیگەرانکەرن، ئەگەر کەمترین شت بڵێین. بێگومان لە هەموو ئەم بارانەدا، پێویستە لێپرسینەوە هەبێت."
 
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا، بەتایبەتی دوای ئەوەی دیمەشق ناوچەی دێر حافری وەکو ناوچەیەکی سەربازیی داخراو راگەیاند، دووژاریک ئاماژەی بەوە کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی دۆخەکە دەکات.
 
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "دەمانەوێت حکومەتی سووریا و هەسەدە بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو رێککەوتنانەی پێشتر لەسەری رێککەوتبوون و ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن."
 
دووژاریک باسی لەوەش کرد، ئێستا هەوڵێک بۆ دانوستاندن لە ئارادایە و گوتی: "وەکو تێدەگەین ئێستا لە رێگەی دانوستاندنەوە سەرقاڵی ئەوەن. ئەمە بۆ چارەنووسی سووریا و هەموو سوورییەکان زۆر گرنگە. پێویستە ئاشتی و نوێکردنەوەی رێککەوتن لەنێوان هەردوو لایەندا هەبێت."
 
ئەم هەڵوێستەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی پێشێلکارییەکان دژی شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل لەو ناوچانەی هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکان چوونەتە ناویان.
 
هەر لەبارەوە، رۆژی سێشەممە 13-1-2026، ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیێندراوێکدا نوێترین زانیارییەکانی نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA)ی لەبارەی دۆخی حەلەب خستەڕوو و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 29 هەزار کەس لەو ئاوارانە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام هێشتا 120 هەزار کەسی دیکە بە ئاوارەیی ماونەتەوە."
 
لەبارەی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، ستێفان دووژاریک ئاماژەی بەوە کرد، گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە باشتر بووە و بەهۆی بەردەوامیی پرۆسەی پاککردنەوەی پاشماوەی تەقەمەنییەکان، هاتوچۆ لەو ناوچانە سنووردارە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای کارپێکردنەوەی وێستگەی ئاوی "بابیری"، خزمەتگوزاریی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی 3 ملیۆن کەس دەستی پێکردووەتەوە.
 
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی ناوەندەکانی خوێندن هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و قوتابخانەکان بۆ ماوەی 15 رۆژی دیکە دادەخرێن. هاوکات گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبیش راگیراون.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، جەخت کراوەتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی لە سووریا، بەردەوامن لە پێشکێشکردنی هاوکارییەکانی وەکو خۆراک، تەندروستی و، دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و لە ئامادەباشیدان بۆ زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان، سەرەڕای ئاستەنگە ئەمنییەکان.
 
دەقی پرسیار وەڵامەکانی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نەتەوەیە یەکگرتووەکان و ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت دروستی ئەو ڤیدیۆیەی پشتراستکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت هێزەکانی حکومەتی سووریا بێڕێزی بە تەرمی شەڕڤانێکی ژنی کورد دەکەن و لە نهۆمێکی بەرزی باڵەخانەیەک لە حەلەب فڕێی دەدەنە خوارەوە. ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری ئەم گرتە ڤیدیۆییەیە؟ وە ئایا سکرتێری گشتی داوای لێپرسینەوە بۆ ئەم کارە دەکات؟
 
ستێفان دووژاریک: ئەو راپۆرتانەم بینیوە، زۆر نیگەرانکەرن، ئەگەر کەمترین شت بڵێین. بێگومان لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا، پێویستە لێپرسینەوە هەبێت.
 
رووداو: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دیمەشق تۆمەتبار دەکەن بەوەی شەڕەکە لە حەلەبەوە بەرەو رۆژهەڵات فراوانتر دەکات. بەپێی راپۆرتە میدیایەکان، وەزارەتی بەرگریی سووریا ناوچەیەکی دیکەی بە ناوی "دێر حافر" وەک ناوچەیەکی سەربازیی داخراو دەستنیشان کردووە. ئایا ئەمە جێگەی نیگەرانی نییە بۆ سکرتێری گشتی و بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان؟
 
ستێفان دووژاریک: دەمانەوێت حکومەت و هەسەدە بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو رێککەوتنەی کە پێشتر لەسەری رێککەوتبوون و ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن. وەک تێدەگەین ئێستا لە رێگەی دانوستاندنەوە سەرقاڵی ئەوەن. ئەمە بۆ چارەنووسی سووریا و چارەنووسی هەموو سوورییەکان زۆر گرنگە. پێویستە ئاشتی و رێککەوتن و نوێکردنەوەی رێککەوتن لە نێوان هەردوو لایەندا هەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دکتۆر جین دۆگلاس، پرۆفیسۆری کیمیا کە پێشتر لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی (AUIS) وانەی گوتووەتەوە

مامۆستایەکی پێشووی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەربژێری کۆمارییەکانە بۆ کۆنگرێس

دکتۆر جین دۆگلاس، پرۆفیسۆری کیمیا کە پێشتر لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی (AUIS) وانەی گوتووەتەوە، ئێستا وەک بەربژێری کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور هەوڵی گەیشتن بە کۆنگرێسی ئەمریکا دەدات. دۆگلاس دەڵێت، ئەزموونی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان "بەرەکەتێکی گەورە" بووە و پێشنیازی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی عێراق" دەکات