رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێ، هەڵوێستی فەرەنسا لە جەنگی ئێراندا "تەنیا بەرگریکردنە".
ئەمە دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە سەربازێکی فەرەنسی لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە هەولێر کوژرا.
ماکرۆن گوتی، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، فەرەنسا پشتیوانی لە هاوپەیمانەکانی دەکات و "هیچ شتێک ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ هێرشکردنە سەرمان."
ماکرۆن گوتیشی: "فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە نیشاندانی دانبەخۆداگرتن، هێمنی و پێداگری، هەروەها بە متمانەپێکراو دەمێنێتەوە بۆ هاوبەشەکانمان، هاووڵاتیانمان دەپارێزێ و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان و ئاسایشمان دەکات."
هێرشەکە شەوی رابردوو کرایە سەر سەنگەری شەشی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، کە شەش سەربازی دیکەشی تێدا برینداربوون.
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن "بە تووندی" هێرشەکەی سەرکۆنە کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی و گەلی کوردستانی ئاراستەی سەرۆک ماکرۆن و گەل و حکومەتی فەرەنسا و خێزان و هاوڕێیانی ئەو سەربازە فەرەنسییە کرد کە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە هەرێمی کوردستان گیانی بەخشی."
نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری و هاوکاریی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزە سەربازییەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی،" هەروەها دووپاتی کردەوە کە "پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگەگرتن لە هێرشی ئەو گرووپانە و سزادانیان، تاوەکو چی دیکە بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکەونە مەترسییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ