رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا داوا لە چەند وڵاتێک دەکات بچنە ناو هاوپەیمانییەکی نوێی نێودەوڵەتییەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی گرژییەکانەوە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان لەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا دروستبوو.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هاوپەیمانییە پێشنیارکراوە ناوی "پێکهاتەی ئازادیی دەریایی" لێندراوە. رۆژنامەکە پشتی بە بەڵگەنامەیەکی نێوخۆیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەستووە و دەڵێت، ئەرکی ئەم هاوپەیمانییە بریتی دەبێت لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری، هاوئاهەنگی دیپلۆماسی و یارمەتیدان لە جێبەجێکردنی سزاکاندا.
لەو بەڵگەنامەیە کە بۆ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا نێردراوە هاتووە: "بەشداریکردنی ئێوە توانای بەکۆمەڵمان بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی ئابووریی جیهان بەهێز دەکات." هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە "کارکردنی بەکۆمەڵ زۆر پێویستە بۆ نیشاندانی ئیرادەیەکی یەکگرتوو و سەپاندنی تێچووی مانادار بەسەر ئێراندا لە بەرامبەر دروستکردنی ئاستەنگ لە تەنگەی هورمزدا."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دیپلۆماتە ئەمریکییەکان راسپێردراون کە پرسیار لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان بکەن ئایا دەیانەوێت وەک "هاوبەشێکی دیپلۆماسی یان سەربازی" بەشداری بکەن. بڕیاریشە ئەم ئەرکە بە هاوبەشی لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بەڕێوەببرێت.
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دراوە، ئەم هەوڵە نوێیەی واشنتن دژبەیەک نییە لەگەڵ هەوڵە ئەمنییەکانی دیکە، بەڵکو "تەواوکەری هێزە دەریاییەکانی دیکەیە، لەوانەش ئەو پلانە دەریاییەی کە بەریتانیا و فەرەنسا سەرکردایەتی دەکەن."
28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێش. ئێران لە رۆژی دووەمی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخست.
رۆژی 8ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گەڕێکی دانوستاندنیش لە ئیسلامئاباد بەڕێوەچوو، بەڵام بێ ئەنجام بوو.
ئەمریکا لە 13ی نیسانەوە گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و ئەوەش نیگەرانی جیدی لای بەرپرسانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ