کەشتیی 'جێراڵد فۆرد' رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێدەهێڵێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەکار عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەورەترین و پێشکەوتووترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا، دوای گەشتێکی مێژوویی و پێوانەیی و بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
 
دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە ABC نیوزیان راگەیاندووە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "USS Gerald R. Ford” لەگەڵ سێ کەشتیی دیکەی جەنگیی تێکشکێنەر (ماهان، وینستن چێرچڵ وبەینبریدج) ، کۆتاییان بە ئەرکەکانیان لە ناوچەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) هێناوە و بەرەو بەندەری نۆرفۆلک لە ڤێرجینیا بەڕێدەکەون.
 
ئەوەی ئەم گەشتە لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، درێژیی ماوەکەیەتی؛ "جێراڵد فۆرد" درێژترین ماوەی ئەرکی سەربازیی لە مێژووی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە تۆمارکرد. 
 
کەشتییەکە وەک "قەڵایەکی جوڵاو" لە ئەورووپاوە بۆ دەریای کاریبی و دواتربەرەو دەریای نێوەڕاست بەڕێکەوتووە و لەوێشەوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران  بەکارهێنراوە، تەنانەت دوو جار چووەتە ناو ئاوەکانی دەریای سوور.
 
سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگر لە یەک ناوچەدا
 
 بوونی کەشتی جەنگی "جێراڵد فۆرد" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کاتێکدا بوو کە دوو کەشتیی دیکەی هاوشێوەی (ئەبراهام لینکۆڵن و جۆرج بوش) لە ناوچەکەدا بوون. ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2003 ەوە ئەمریکا بەو قورساییە سەربازییەوە و بە سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگرەوە لە ناوچەکەدا ئامادەیی هەبێت، کە وەک پەیامێکی تووند بۆ نەیارەکانی واشنتن لێکدەدرایەوە.
 
بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا، ئەم گرووپە لە کەشتی جەنگی بگەنەوە کەناراوەکانی ئەمریکا، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتنیان لە ناوچەکە لەئەستۆ گرتبوو.
 
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Gerald R. Ford) بە پێشکەوتووترین و گرانترین کەشتیی جەنگیی دادەنرێت کە تێچووی دروستکردنی گەیشتووەتە نزیکەی 13 ملیار دۆلار و کەشتییەکە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 75 فڕۆکەی جەنگی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ هەڕەشەی کەمکردنەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن تاوتوێی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی لە ئەڵمانیا دەکات. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڵوێستەکانی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بە شەڕی ئێران.