رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازییەکانی وڵاتەکەی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پلانێکی نوێی سەربازی دژی ئێران.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) کە لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە رۆژی پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن بڕاد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) زانیاریی وردی لەبارەی پلانە نوێیەکان پێ دەدرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی ترەمپ بە جیدی بیر لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکاتەوە، تاوەکو تاران ناچار بە سازش بکات لە دانوستاندنەکاندا، یان گورزێکی کۆتایی لە پێگەکانی ئێران بوەشێنێت.
پلانی هێرشی "کورت و بەهێز"
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، سێنتکۆم پلانێکی بۆ شەپۆلێکی هێرشی "کورت و بەهێز" ئامادە کردووە کە ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج. ئامانجی ئەم پلانە تێکشکاندنی ئەو بنبەستە دیپلۆماسییەیە کە لە دانوستاندنەکانی پاکستان دروستبووە. واشنتن هیوادارە لە دوای ئەم هێرشانە، ئێران بە نەرمییەکی زیاترەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن، بەتایبەت لە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا.
یەکێکی دیکە لەو پلانە هەستیارانەی دەخرێتە بەردەم ترەمپ، کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی تەنگەى هورمزە بە مەبەستی کردنەوەی رێڕەوەکە بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا. سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەگەری هەیە "هێزی زەوینی" تێدا بەکاربهێنرێت. ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێت لە ستراتیژیی جەنگەکەدا، چونکە تاوەکو ئێستا ململانێکان زیاتر لە چوارچێوەی هێرشی ئاسمانی و دەریاییدا بوون.
هەروەها بژارەیەکی دیکە باس دەکرێت، ئەویش ئۆپەراسیۆنێکی هێزە تایبەتەکانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، تاوەکو رێگری لە تاران بکەن لەوەی ئەو ماددانە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت.
سەرەڕای ئەم پلانە سەربازییانە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە بە (ئەکسیۆس)ی راگەیاندووە، ئەو گەمارۆ دەریاییەی خراوەتە سەر ئێران "هەندێک کاریگەرترە لە هێرشى سەربازیی". سەرچاوەکان دەڵێن، ترەمپ ئێستا گەمارۆکە وەک سەرچاوەی سەرەکیی گوشار دەبینێت، بەڵام ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت لە داواکارییەکانی پاشەکشە بکات، ئەوا بژارەی سەربازی جێبەجێ دەکات.
جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری هێزەکانی ئەمریکاش بڕیارە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا بکات. پلاندانەرانی سەربازیی ئەمریکا هەموو ئەگەرەکان تاوتوێ دەکەن، لەوانە ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازیی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وەک تۆڵەیەک بۆ گەمارۆ دەریاییەکە.
ئەم کۆبوونەوەیەی ترەمپ و بڕاد کووپەر، وەبیرهێنەرەوەی کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەیە کە لە 26ی شوباتی رابردوو کرا، تەنیا دوو رۆژ بەر لەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانیان دژى ئێران دەستپێبکەن. سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپ دەڵێت، ئەو زانیارییانەی لەو کۆبوونەوەیەی شوباتدا درانە سەرۆک، رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە بڕیاری ترەمپ بۆ هەڵگیرسانی جەنگ.
کەشتیی فرۆکەهەڵگری (جێرالد فۆرد) لە 19ى نیسان دواى نۆژەنکردنەوەى گەڕایەوە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست. بەمەش، سێ کەشتیی فرۆکەهەڵگریی ئەمریکی و زیاتر لە 12 کەشتیی جەنگی دیکەى ئەمریکا ئێستا لە ناوچەکەن. هەروەها، نزیکەى 30 هەلیکۆپتەرى جەنگیی جۆرى (سیی هاوک) و (ئۆسپرەی)، دوو کەشتیی جەنگى دیکەى تایبەت بە ئۆپەراسیۆنی زەوینیی بە ناوەکانى (تریپۆلی) و (بۆکسەر) لە ناوچەکە ئامادەن.
دوایین جار ئەمریکا ئەم هێزە زۆرەى لە ناوچەکە کۆکردبێتەوە، ساڵى 2003 بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ