جیهان
کەشتییەکی ئێرانی و کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا لە کەنداوی عومان بەرامبەر یەکدی وەستاون. وێنە: US Navy/Planet Pix/ZUMA Press
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین راپۆرتی هەواڵگریی دەریایی لەبارەی جەنگی ئێران، جووڵەی کەشتییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە؛ لە کاتێکدا هاتووچۆ لە تەنگەى هورمز لەژێر چاودێریی ورددایە، بەڵام "تەکتیکەکانی چەواشەکاری" لە بەشەکانی دیکەی کەنداو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
راپۆرتێکی سەکۆی (وینوارد ماریتایم ئەى ئاى) کە رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە ئاشکرای کرد، لە کاتێکدا گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران تووندتر بوونەتەوە، تاران پەنای بۆ شێوازی نوێی شاردنەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی بردووە تاوەکو بەردەوامیی بە هەناردەکردنى نەوتەکەى بدات.
بەپێی راپۆرتەکە، 13 کەشتی لە تەنگەکە تێپەڕ بوون (4 کەشتی بەرەو ناوەوە و 9 کەشتی بەرەو دەرەوە). هیچ "جووڵەیەکی تاریک" (کوژاندنەوەى رادارى کەشتییەکان) لە نێو خودی تەنگەکەدا تۆمار نەکراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کەشتییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان لەو خاڵە هەستیارەدا پابەندی رێنماییە نێودەوڵەتییەکانن تاوەکو رووبەڕووی لێدانی سەربازی نەبنەوە. بەڵام ئەم جوڵەیە لە دەرەوەى تەنگەکە بەرزتربووەتەوە.
لە نێو ئەو کەشتییانەی تەنگەکەیان جێهێشتووە، کەشتییەکی گەورەی نەوتهەڵگری (VLCC) ژاپۆنی هەبووە کە بە ئاڵای پەنەماوە رۆیشتووە؛ ئەمەش دەرخەریى ئەوەیە، ئەو کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییانەى کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە، هێشتا دەتوانن لەژێر چاودێریدا هاتووچۆ بکەن.
چابەهار و بەندەر عەباس؛ حەشارگەی نەوت
لە کاتێکدا ژمارەی گشتیی کەشتییەکان لە کەنداودا کەمێک کەمبووەتەوە و گەیشتووەتە 890 کەشتی، بەڵام کوژاندنەوەى رادار بە شێوەیەکی کتوپڕ بۆ 148 بەرزبووەتەوە.
یەکێک لە تەکتیکە هەرە باوەکانی ئێران لەم جەنگەدا بریتییە لە "سپووفینگ" (گۆڕینى شوێنى جێگیربوونی کەشتییەکان)ە. راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، 10 کەشتیی نەوتهەڵگر کە لەژێر سزاکانی ئەمریکادان، زانیاریی چەواشەکاری بڵاودەکەنەوە و وا نیشان دەدەن کە لە بەندەری "بەسرە"ی عێراق وەستاون، بەڵام راستییەکەی لە بەندەرەکانی ئێراندان بۆ بارکردنی نەوتی خاو.
کەشتییەکانی وەک (ALICIA)، (RHN)، (STAR FOREST) و (AQUA) نموونەی ئەو کەشتییانەن کە بە بەکارهێنانی ئاڵای وڵاتانی وەک مالاوی و گۆیانا و ناردنی داتای ناڕاست و گۆڕینی شوێنیان، هەوڵی دەربازبوون لە گەمارۆکان دەدەن.
هەواڵگریی دەریایی ئاماژە بەوە دەکات، ئێران ناوچەی چابەهاری کردووەتە حەشارگەیەکی گەورە لە دەرەوەی ناوچەی سەرەکیی گەمارۆکان. لەوێ 5 کەشتیی گەورەی نەوتهەڵگر لە دۆخی "تاریک"دا تۆمار کراون کە توانای هەڵگرتنی 7 بۆ 8 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە. یەکێک لەوانە کەشتیی ئێرانیی (DIONA)یە کە لە سەنتەری گواستنەوەی نەوتی سینگاپوور و مالیزیاوە گەیشتووەتە ئەوێ.
هەروەها لە ناوچەی بەندەر عەباس و دوورگەی لاراک، کەشتییەکان چیدی بە ئاسانی هاتووچۆ ناکەن، بەڵکو لە ناوچە ئاوییەکانی ئێراندا "کۆگاکراون" و چاوەڕێی دەرفەت دەکەن.
ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی ئەوەیە، گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەرییان هەبووە لە گۆڕینی دۆخی کەشتییەکان لە "جووڵە"وە بۆ "مانەوە و حەشاردران".
راپۆرتەکە دەڵێت، ئێستا شەڕەکە چووەتە قۆناخێکی نوێوە؛ تاران هەوڵ دەدات لەو شوێنانەی چاودێریی زۆرە (وەک تەنگەى هورمز) وەک لایەنێکی پابەند دەربکەوێت، بەڵام لە ناوچە لاوەکییەکاندا چالاکییە نایاساییەکانی بۆ هەناردەکردنی نەوت چڕتر کردووەتەوە.
ئەم داتایانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چەندین جار جەختی لە بەهێزی و کاریگەرى گەمارۆکە کردووەتەوە. پیت هێگسەس، وەزیرى جەنگى ئێران لە دوایین لێدوانیدا گوتی، "گەمارۆکەمان %100 کاریگەرە و هیچ تێپەڕبوونى کەشتییەکى ئێرانى تۆمارنەکراوە."
بەرزبوونەوەی تەکتیکەکانی چەواشەکاری نیشانەی ئەوەیە، ئێران هێشتا کلیلی هەناردەکردنی نەوتی لەدەست نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ