ئەڵمانیا دەڵێت، بۆ ئەگەری کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی ئامادەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی پێنجشەممە ئەڵمانیا رایگەیاند، بۆ ئەگەری کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئامادەیە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە کە ژمارەی هێزەکانی لە ئەڵمانیا کە 35 هەزار سەربازە، کەم دەکاتەوە. بەڵام بەرلین جەخت لە گرنگیی "هاوبەشییەکی جێی متمانەی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا" دەکاتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ رایگەیاندبوو، بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لەسەر پرسی شەڕی ئێران، ئەمریکا بیر لە کەمکردنەوەی بەشێک لەو دەیان هەزار سەربازەی دەکاتەوە کە لە ئەڵمانیا جێگیرکراون.
 
یۆهان ڤادێفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە سەردانێکیدا بۆ مەغریب گوتی: "ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین، بەدواداچوونی وردی بۆ دەکەین و بە گیانی متمانەبوونەوە لە سەرجەم دامەزراوەکانی ناتۆ گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین، هەروەها چاوەڕێی بڕیاری ئەمریکییەکانین لەم بارەیەوە."
 
هەروەها گوتی، هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە "لەگەڵ ئێمە و لایەنەکانی دیکەش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، وەک ئەوەی لەنێوان هاوپەیماناندا باوە."
 
پێشتریش مێرتس رایگەیاندبوو، تێڕوانینی ئەڵمانیا بۆ شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "وەک خۆی دەمێنێتەوە کە ئاراستەکەی بەرەو ناتۆیەکی یەکگرتوو و هاوبەشییەکی جێی متمانەی ئەورووپا و ئەمریکایە". 
 
بێ ئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بە هەڕەشەکانی ترەمپ بکات، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، بەرلین "لە پەیوەندیی نزیک و متمانەپێکراودایە لەگەڵ هاوبەشەکانمان، بەتایبەتی لە واشنتن".
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە ئەمە لەپێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ ئەمریکا دەکەین. بە رێزێکی هاوبەش و دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی ئەرکەکان دەیکەین. وەک دەزانن، ئەم هاوبەشییەی نێوانمان زۆر لە دڵمانەوە نزیکە، هەم بۆ ئێمە وەک گەل، هەم بۆ منیش وەک تاک."
 
مێرتس بووە ئامانجی تووڕەیی ترەمپ، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئێران ئەمریکای لەسەر مێزی گفتوگۆ "بەگیرهێناوە". 
 
لە بەرامبەردا رۆژی سێشەممە ترەمپ گوتی، مێرتس "پێیوایە ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەو نازانێت باسی چی دەکات!". پاشان رۆژی چوارشەممە، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، بڵاویکردەوە، ئەمریکا بیر لە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە ئەڵمانیا دەکاتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، بیرۆکەی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا "پەیامێکی نوێ نییە"، گوتیشی پێشتریش سەرۆکەکانی دیکەی ئەمریکا باسیان لەو ئەگەرە کردووە.
 
لە کاتێکدا ڤادێفوول دەڵێت "بە ئارامییەوە" مامەڵە لەگەڵ بیرۆکەی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە بنکە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا "بە هیچ شێوەیەک جێگەی گفتوگۆ نین". 
 
بۆ نموونە باسی لە بنکەی ئاسمانیی رامشتاین کرد و گوتی "ئەو بنکەیە ئەرکێکی هەیە کە نە بۆ ئەمریکا و نە بۆ ئێمەش، شوێنی پڕناکرێتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتییەکی ئێرانی و کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا لە کەنداوی عومان بەرامبەر یەکدی وەستاون. وێنە: US Navy/Planet Pix/ZUMA Press

راپۆرتێک: ئێران لە رێگەی چەندین تاکتیکەوە گەمارۆى ئەمریکاى شکاندووە

بەپێی نوێترین راپۆرتی هەواڵگریی دەریایی لەبارەی جەنگی ئێران، جووڵەی کەشتییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە؛ لە کاتێکدا هاتووچۆ لە تەنگەى هورمز لەژێر چاودێریی ورددایە، بەڵام "تەکتیکەکانی چەواشەکاری" لە بەشەکانی دیکەی کەنداو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.