رووداو - هەولێر
ژاپۆن ئامادەکاریی دەکات بۆ پێدانی مافی پەنابەری بە هاونیشتمانییەکی خەڵکی باکووری کوردستان، کە ئەمە یەکەمجارە کوردێکی ئەو پارچەیەی کوردستان مافی پەنابەری لە ژاپۆن وەردەگرێت.
بەگوێرەی میدیای فەرمی ژاپۆن، هاونیشتمانییە کوردەکە کە تەمەنی لەسەرووی 20ساڵەوەیە و ناو و ناونیشانی ئاشکرا نەکراوە، لە 2014ـەوە لە ترسی دەسگیرکردن و ئەشکەنجەدان لە تورکیا رایکردووە و پەنای بۆ ژاپۆن بردووە.
لە 2018 دادگەی شاری ساپۆرۆ داوای مافی پەنابەرێتی کوردەکەی رەتکردەوە، بەڵام دوای داوایەکی تێهەڵچوونەوە، دادگەی باڵای وڵاتەکە مافی پەنابەری هاونیشتمانییەکەی قبووڵکرد.
پێدانی مافی پەنابەرێتی لە لایەن ژاپۆنەوە رێوشوێنێکی قورسە و زۆرجار لە لایەن رێکخراوی مافەکانی مرۆڤەوە رەخنەی تووند لە سیاسەتی کۆچبەری وڵاتەکە گیراوە، پێشتر کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە لایەن ژاپۆن مافی پەنابەرییان پێدراوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کوردی باکووری کوردستان ئەو مافە وەردەگرێت.
دادگەی باڵای ژاپۆن لە دوای بڕیاری قبووڵکردنی پەنابەریی هاونیشتمانییە کوردەکە رایگەیاند، ئەگەری هەبووە کە ئەگەر دیپۆرتی تورکیا بکرێتەوە، رووبەری لێدان و ئەشکەنجە ببێتەوە.
لە 2021دا ژاپۆن پافی پەنابەری دایە 74 پەناخواز، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی 1982ـەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ