رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو ساڵە شەڕێکی خوێناوی لە سوودان لە ئارادایە، کە تێیدا نزیکەی 400 هەزار کەس کوژراون، بەڵام نە جیهانی ئیسلامی و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاوڕی لێ نادەنەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات سەرنجی جیهان بۆ سەر ئەم کارەساتە رابکێشێت و داوای راگرتنی ناردنی چەک بۆ لایەنە شەڕکەرەکان دەکات.
رۆژی چوارشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هەوڵێکی دیکەی خستەگەڕ بۆ ئەوەی سەرنجی جیهان بۆ لای شەڕی ناوخۆی سوودان رابکێشێت. چالاکڤانێکی بواری مرۆیی لە خەرتوومی پایتەختەوە، لە رێگەی ڤیدیۆوە ووردەکارییەکانی کارەساتەکەی بۆ رۆژنامەڤانان باسکرد.
ئەیمی پۆوپ، بەڕێوەبەری رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران بە رووداوی راگەیاند، "ئەوەی دەیبینین ئەوەیە هەڵاتووەکان باس لە تووندوتیژیی بەرفراوان، دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەن. هەندێکجار خەڵک لە شوێنی بینینیان یەکسەر گولـلەباران دەکرێن. زۆریان دەڵێن لەڕێگادا کە ناوچەکانیان جێدەهێشت، خەڵکی مردوویان بە فڕێدراوی لەسەر زەوی دیوە."
سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کوژراوان بە 400 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت و هەزارانیان منداڵن، جیهانی ئیسلامی وەک پێویست بەدەنگ کێشەکەوە نەهاتووە. راپۆرتە میدیاییەکان دەریدەخەن کە وڵاتانی ئیسلامی پاڵپشتیی لایەنە جیاوازەکانی شەڕەکە دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی قووڵتربوونەوەی قەیرانەکە. بۆ نموونە، تورکیا و میسر پشتگیریی سوپای سوودان دەکەن و ئیماراتیش پاڵپشتیی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) دەکات.
شەڕەکە زیاتر ململانێی نێوان دوو سەرکردەی سەربازییە، جەنەراڵ عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپا، و محەممەد حەمدان دۆگۆلۆ، ناسراو بە "حەمیدتی"، سەرۆکی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا. هەردووکیان لە سەردەمی عومەر بەشیردا فەرماندەی بەهێز بوون، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەشیر لە ساڵی 2019، نەیانتوانی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات رێکبکەون.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەکی، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی هەناردەکردنی چەکی بۆ سوودان کرد.
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، "پێویستە هاووڵاتییانی مەدەنی بپارێزرێن و ئاشتیمان پێویستە. سوودان پێویستی بە چەکی زیاتر نییە."
بۆچی جیهان گرنگی بە شەڕی سوودان نادات؟
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەفریقا هۆکاری گرنگینەدانی جیهان بە شەڕەکانی ئەفریقا بۆ بەرژەوەندییە جیۆستراتیژییەکان دەگەڕێننەوە.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئەوە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی جیۆستراتیژییەوە هەیە. ئاشکرایە، ئەو دابەشبوون و بەرژەوەندییە جیۆستراتیژییانە زیاتر لەسەر دۆخی پەیوەست بە ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕبوونەتەوە."
موسا فەقی محەمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەدات، "ململانێکانی ئەفریقا سەرەتا بەپێی پێویست لەلایەن میدیاوە رووماڵ ناکرێت. پاشان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخێکی ئەوتۆی پێنادات. لەوانەیە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی ستراتیژییەوە هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ