رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پەیامێکی روون و راشکاو و پڕ لە دڵنیایی ئاراستەی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی کرد. روبیۆ جەختی لەوە کردەوە، ئیدارەی نوێی ئەمریکا نەک هەر نایەوێت لە ئەورووپا دووربکەوێتەوە، بەڵکو دەیەوێت پێکەوە "سەتەیەکی نوێی رۆژئاوایی" بنیاد بنێن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەرەتای گوتارەکەیدا باسی لە شارستانییەتی رۆژئاوا کرد و گوتی، "ئێمە بەشێکین لە یەک شارستانییەت؛ شارستانییەتی رۆژئاوا و بە قووڵترین بەستەر بەیەکەوە گرێدراوین کە مێژوو، ئایینی کریستیان، کولتوور و زمان بۆمانی جێهێشتووە. ئێمە میراتگری قوربانییەکانی باو و باپیرانمانین بۆ پاراستنی ئەم شارستانیەتە هاوبەشە."
"داواکارییەکانی ترەمپ لە سۆنگەی خەمخۆرییە"
روبیۆ وەڵامی ئەو نیگەرانییانەی دایەوە کە سەبارەت بە داواکارییەکانی واشنتن لە ئەورووپا هەن و گوتی، "ئەگەر هەندێکجار سەرۆک ترەمپ بە راشکاوی و بەپەلە داوای جیدییەت و هاوئاهەنگی دوولایەنە لە هاوڕێکانمان لە ئەورووپا دەکات، تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ئێمە بە قووڵی خەمی داهاتووی ئێوە و خۆمانمانە. ئێمە دەمانەوێ ئەورووپا بەهێز بێت، چونکە چارەنووسمان بەیەکەوە گرێردراوە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر پرسی کۆچی نایاسایی و پاراستنی سنوورەکان. روبیۆ رایگەیاند، "کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان رەگەزپەرستی و رقلێبوونەوە نییە، بەڵکو کردەیەکی بنەڕەتیی سەروەریی نیشتمانییە. شکستهێنان لە پاراستنی سنوورەکان هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر پێکهاتەی کۆمەڵگەکانمان و مانەوەی شارستانیەتەکەمان."
رەخنەی توند لە نەتەوە یەکگرتووەکان
روبیۆ هێرشی توندی کردە سەر سیستمی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و رایگەیاند، ئەو دامەزراوانە لە پرسیارە جیدییەکاندا بێ وەڵامن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی شەڕی غەززە چارەسەر بکات و تەنیا سەرکردایەتی ئەمریکا بوو بارمتەکانی لە دەستی چەکدارانی حەماس رزگار کرد، هەروەک چۆن لە ئۆکرانیاش ئەو رێکخراوە دەستەوەستان بوو و تەنیا هەوڵەکانی ئەمریکا وایانکرد هەردوو لایەنی شەڕکەر بچنە سەر مێزی گفتوگۆ.
روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا هێزی ئەمریکا بوو توانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران سنووردار بکات و "دیکتاتۆرە بازرگانەکەی مادە هۆشبەرەکان" لە ڤەنزوێلا رادەستی دادگا بکات.
ئۆکرانیا و چین؛ تاقیکردنەوە گەورەکان
سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، روبیۆ گوتی، هەفتەی رابردوو بەرپرسانی سەربازی هەردوولا (رووسیا و ئۆکرانیا) لەسەر ئاستی تەکنیکی کۆبوونەوە؛ گوتیشی، "ئێمە نازانین رووسیا چەند جیدییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵام بەردەوام دەبین لە تاقیکردنەوەیان، لە کاتێکدا سزاکان و هاوکارییە سەربازییەکانیشمان بۆ ئۆکرانیا بەردەوامن."
دەربارەی چین، روبیۆ ئاماژەی بە لووتکەی داهاتووی نێوان ترەمپ و شی جینپینگ کرد و گوتی، "نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ چین هەڵەیەکی جیۆپۆلیتیکییە، بەڵام دەبێت بزانین کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان هەمیشە هاوتەریب نین و ئێمە لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی خۆمان رێککەوتن ناکەین."
لە کۆتاییدا، مارکۆ روبیۆ بە گێڕانەوەی چیرۆکی باپیڕانی خۆی کە لە ئیسپانیا و ئیتاڵیاوە کۆچیان کردووە، هەستی ئامادەبووانی جووڵاند و گوتی، "ئێمەی ئەمریکی، ماڵمان لە نیوەگۆی رۆژئاوایە، بەڵام هەمیشە بە منداڵی ئەورووپا دەمێنینەوە. مێژووی ئێمە لێرەوە دەستی پێکرد. ئێمە نامانەوێ تەنیا چاودێری پاشەکشەی رۆژئاوا بین، بەڵکو دەمانەوێ پێکەوە داهاتوو دروست بکەین. دوێنێ کۆتایی هات و چارەنووسی هاوبەشمان چاوەڕێمان دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ