ئارمین لاشێت بۆ رووداو: دەبێت ئەورووپا بۆ ئەگەری پاشەکشەی ئەمریکا ئامادە بێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەورووپا خۆیان بۆ قۆناخێک ئامادە بکەن کە رەنگە تێیدا ئەمریکا پاشەکشە لە ناوچەکە بکات یان ئامادەیی سەربازیی نەمێنێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 14ی شوباتی 2026، ئارمین لاشێت، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن جەختی لەوە کردەوە کە ئەورووپا ئێستا بە جیدی کار بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی خۆی دەکات.
 
لەبارەی دۆخی سووریا، ئارمین لاشێت باسی لەوە کرد کە ئەورووپا وەک "تەماشاکەر" نامێنێتەوە و پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەزموونی پێکەوەژیانی ئایینی لە ئازەربایجان دەتوانێت ببێتە "نموونەیەکی باش" بۆ سووریا، بە جۆرێک کە مافی کورد، کریستیان و هەموو پێکهاتەکانی دیکە تێیدا پارێزراو بێت.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا:
 
رووداو: بیروڕاتان چییە دەربارەی ئەو گوتارەی پێشکەش کرا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا؟
 
ئارمین لاشێت: گوتارەکە رووی لە ئەورووپا بوو و زۆر خاڵی هاوبەشی نێوان ئەورووپا و ئەمریکای باسکرد. هەروەها بە راشکاوی باسی جیاوازییەکانیشی کرد. بەڵام تۆنی قسەکردنەکە جیاواز بوو لە گوتارەکەی پار (ڤانس)، بۆیە گەشبینم کە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئەورووپا خۆی بۆ داهاتوو ئامادە بکات؛ بۆ ئەو کاتانەی رەنگە ئەمریکییەکان لێرە نەمێنن یان پاشەکشە بکەن. ئێستا کار بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی خۆمان دەکەین.
 
رووداو: جەنابی سەرۆک، جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی لە سووریا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بووەتەوە، ئایا ئەورووپا تەنیا تەماشاکەرە؟
 
ئارمین لاشێت: نەخێر، ئەورووپا تەنیا تەماشاکەر نییە. ئەورووپا پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا هەیە. من ئەم بەیانییە لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان قسەم کرد؛ ئەو باسی لەوە کرد کە چۆن ئازەربایجان ئێستا لە بواری وزەدا هاوکاری سووریا دەکات. هەروەها یارمەتیدەر دەبێت لە باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و کەمینەکان، چونکە ئازەربایجان نموونەیەکی باشە بۆ پێکەوەژیانی ئایینی. ئەگەر سووریا سوود لەم ئەزموونە وەربگرێت، ئەوا بۆ کورد، کریستیان، عەلەوی و دروزەکان زۆر باش دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە