رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی، لە چەند کاژێری رابردوودا بەبۆنەی رۆژی خۆشەویستییەوە، کۆمەڵێک کارتی پیرۆزبایی گاڵتەئامێزی لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە. لە کارتەکاندا، چەند وێنە و گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەکارهێنراون کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، بوونە جێی سەرنجی میدیا و سیاسەت.
لەسەر کارتی یەکەم نووسراوە، "دڵت داگیرکردم" و وێنەی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای لەسەرە کە بە کەلەپچەکراوی و چاوبەستراوی لە دەرەوەی ڤەنزوێلا دەگوازرێتەوە.

لەسەر کارتی دووەم، لە ناو دڵێکدا، وێنە ناسراوەکەی سیناتۆر کریس ڤان هۆلن دانراوە کە لەگەڵ کیلمار ئەبریگۆ گارسیا، ئەندامی باندی "MS-13" لە سلڤادۆر، "مارگاریتا دەخواتەوە" و پەیامێکیشی لەگەڵدایە کە دەڵێت، "خۆشەویستیم بۆ تۆ بەهێزترە لە خۆشەویستیی دیموکراتەکان بۆ کۆچبەرە نایاساییەکان."
کارتێکی دیکە ترەمپ نیشان دەدات فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆکراوی بەدەستەوەیە و لەسەری نووسراوە، "فەرمانی جێبەجێکردنی ژمارە 4547... تۆ ڤاڵنتاینی منیت."
کۆشکی سپی گاڵتەی بە خواستی سەرۆکی ئەمریکا کردووە بۆ لکاندنی گرینلاند، کە دانیشتووانی هەرێمەکە و سەرکردەکانی ئەورووپا بە تووندی دژی دەوەستنەوە. لەسەر کارتەکە دوورگەکەی لەناو دڵێکدا داناوە، نووسراوە، "کاتی ئەوە هاتووە دۆخی پەیوەندییەکەمان دیاری بکەین."
یەکێک لە کارتە گاڵتەئامێزەکاندا کڵاوی سۆمبرێرۆکان دەرکەوت، کە کۆشکی سپی بۆ گاڵتەکردن بە چاک شومەر و حەکیم جێفریز، دوو سەرکردەی دیموکرات، لە کاتی داخستنی 43 رۆژەی حکومەت لە پاییزی ساڵی رابردوودا بەکاریهێنابوو. لەسەر کارتەکە ئاماژە بە کڵاوەکە کراوە بە ناوی "خۆشەویستە کۆنەکەم."
پەیامی کارتێکی دیکە لە واژۆ تایبەتەکەی ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" وەرگیراوە کە دەڵێت، "سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە" لەگەڵ تیرێک کە دەستەواژەکە ئاراستەی وشەی "دڵم" دەکات.
لە کۆتاییدا، جانتا فراوانەکەی وەزارەتی دەرەوە کە مارکۆ روبیۆ هەڵیگرتبوو، بووە ئیلهامی هەزاران هەوادار و گەیشتە کارتی رۆژی خۆشەویستی. لەسەر کارتەکە کە گاڵتە بە ئەرکە زۆرەکانی روبیۆ دەکات. تێیدا نووسراوە، "وام لێمەکە کار بۆ خۆشەویستییەکەت بکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ