رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، زنجیرەیەک دیداری ستراتیژیی لەگەڵ سەرکردە و بڕیاربەدەستانی ئەمریکا، ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەکە ئەنجامدا.
نێچیرڤان بارزانی لەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا پرسی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی مافەکانی کورد لە سووریای نوێی کردە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی لە میونشن.
ئەمریکا: هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا
لە یەکێک لە گرنگترین دیدارەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە. روبیۆ ستایشی پێگەی هەرێمی کوردستانی کرد وەک "هاوبەشێکی سەرەکی و فاکتەری سەقامگیری" لە ناوچەکەدا.
لەو دیدارەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی مافەکانی کورد و پێکهاتەکان لە سووریایەکی یەکگرتوودا.
هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوی بە ئالیسۆن هووکەر، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا بۆ کاروباری سیاسی کەوت.
لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئالیسۆندا، پەیوەندییەکانی ئەمهریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و چەندین پرسی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هووکەر "ستایشی رۆڵی سهرۆک نێچیرڤان بارزانی له رێککهوتنی نێوان دیمهشق و ههسهدهدا کرد".
هاوکات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی ئەمریکی و شاندێکی گەورەی کۆنگرێسمانەکان کۆبووەوە. شاندەکەی کۆنگرێس جەختیان لە "پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا" کردەوە و رژدبوونی خۆیان لەسەر پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات نیشاندا، نێچیرڤان بارزانیش سوپاسی کۆنگرێسی کرد بۆ ئەو رۆڵە مێژووییەی لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستاندا هەیانبووە.
''چەسپاندنی مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا''
یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی نێچیرڤان بارزانی لە میونشن، کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا. وەزیری دەرەوەی سووریا ستایشی "رۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان" کرد لە رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە و هاوکاریکردنی ئاوارەکان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی دیمەشق کرد و جەختی لە "گرنگیی پاراستنی مافەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا" کردەوە. هەروەها بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا باسیان لە دیالۆگی نیشتمانی کردووە وەک "تاکە رێگە بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سووریا."
ئەورووپا؛ پشتگیریی بۆ هەرێمی کوردستان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆبووەوە، کە تێیدا ڤۆن دێر لاین ستایشی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ناوچەکە.
لە لایەکی دیکەوە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دیک شۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، هۆڵەندییەکان دووپاتیان کردەوە کە "بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڕوانن". هەروەها د. نێڵس شمید، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگریی ئەڵمانیا، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت.
هەر لە چوارچێوەی دیدارە ئەوروپییەکاندا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا کۆبووەوە و جەختیان لە بەهێزکردنی هاریکاریی ئابووری و سەقامگیری کردەوە.
کۆمکاری عەرەبی و ڤاتیکان؛ جەختکردنەوە لە پێکەوەژیان
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە. ئەبولغەیت ستایشی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد لە "بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان". لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، ئەبولغەیت ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکانیان فراوان بووە و جگە لە لایەنی سیاسی، پرسی پەروەردە، گەشەپێدان و پەیوەندییەکانی عێراقیان لەگەڵ تورکیا و ئێران تاوتوێ کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، نێچیرڤان بارزانی لە دیدارێکیدا لەگەڵ پۆڵ ریچارد گالاگەر، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان، پرسی پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینییەکان و پەرەپێدانی کولتووری لێبووردەیی لە هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو باسکرا.
نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح: بەردەوامیی هاوکاریی UN بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
یەکێکی دیکە لە دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە بوو لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پهنابهران.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی مرۆیی پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی "تیشکی خستە سەر دۆخی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ