'وێنەیەک و هەزار وشە'؛ وڵاتانی جیهان جەخت لە یەکپارچەیی سووریا و مافی کورد دەکەنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژەنەراڵی کورد مەزڵووم عەبدی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا لە میونشنی ئەڵمانیا لەتەنیشت یەک وەکو ئەندامی یەک تیم لەسەر مێزێک بەرامبەر بەرپرسانی ئەمریکا دانیشتن. نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، وێنەکەیان "هەزار وشە دەهێنێت."
 
لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک بەرپرسێکی باڵای سووریا وردەکاریی پشت ئەو وێنەیە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
 
ئیبراهیم عولابی، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، "سەبارەت بە میونشن، بێگومان ئەوە ساتێکی مێژوویی بوو. سووریا، وەکو چۆن پێویستە وابێت، بە یەک شاند و بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەشدار بوو. ئەو وێنەیەی کە هاوکارەکانت ئاماژەی پێدەدەن لەگەڵ وەزیر روبیۆ بوو. ئێستا لەگەڵ هاوکارانم لە میونشن قسەم کرد و گوتیان، کۆبوونەوەکە زۆر بەرهەمدار بووە. ئەوە ساتێکی گەورە بوو بۆ هەموومان."
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی لەسەر پرسی سووریا کۆبووەوە. دوای جەختکردنەوە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا، زۆربەی وڵاتان پێداگرییان لەسەر مافەکانی کورد کرد.
 
تامی برووس، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئێمە هەروەها پێشوازی لە مەرسوومی کۆماریی ژمارە 13 دەکەین و چاوەڕێی جێبەجێکردنی تەواوەتی دەکەین. ئەو رێوشوێنانەی لەم مەرسوومەدا بە وردی هاتوون، جەخت لەوە دەکەنەوە کە کورد بەشێکی دانەبڕاوی سووریان و رێگە خۆش دەکەن بۆ بەشداریی تەواوەتییان لە نەخشاندنی داهاتوویەکی ئارام و گەشەسەندوو."
 
هەر لەوبارەیەوە ئانا ئێڤستیگنیێڤا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیی هەموو نەتەوە و ئایینەکان کە کۆمەڵگەی سووریا پێکدەهێنن، لەوانەش کورد." کریستینا لاسن، نوێنەری دانیمارک لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ دەستەبەرکردنی ماف و پاراستنی هەموو مەدەنییەکان، لەوانەش کورد."
 
جای دارمادهیکاری، نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئێستا ئەم رێککەوتنە تێکەڵبوونی (هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە) لەناو دەزگا سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکانی دەوڵەتی سووریادا دەچەسپێنێت، لە هەمان کاتدا مافە سیاسییەکانی کورد لە سووریا دەستەبەر دەکات؛ پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش دڵنیایی بدات لە جێبەجێکردنی کاریگەرانەی ئەم رێککەوتنە."
 
مانگی رابردوو بە نێوەندگیریی ئەمریکا، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتنە رێککەوتنێک. بەشێکی زۆری ئەم رێککەوتنە جێبەجێکراوە وەکو رێگەدان بەهێزەکانی ئاسایشی سەر بە دیمەشق تاوەکو بێنە نێو شارە کوردییەکانەوە، هەروەها رادەستکردنەوەی هەندێک دامەزراوەی ئیداری بۆ دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، بەڵام بەشێکی رێککەوتنەکە بە ناڕوونی ماوەتەوە؛ بۆ نموونە نازانرێت داهاتووی شەڕڤانە ژنە کوردەکان چی لێدێت.
 
لەسەر ئەو بابەتەش رووداو پرسیاری لە باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، چەند لیوایەک بۆ هەسەدە تەرخان کراون، ئایا هیچ لەو لیوایانە بۆ شەڕڤانانی ژنی کورد دەبن؟ لە وەڵامدا عولابی گوتی، "سەبارەت بە لیواکان و ئەو وردەکارییانە، بێگومان ئەمانە بابەتگەلێکن پێویستە بەردەوام کاریان لەسەر بکرێت و روون بکرێنەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە زۆر مەبەستمانە و دڵخۆشین پێی ئەوەیە، ئەمە لەڕێگەی گفتوگۆ و پەیوەندییەوە دەکرێت."
 
بەڵام سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی داهاتووی ژنە شەڕڤانەکانەوە قسەیەکی ئەوتۆی بۆ کردن نییە. سکرتێری گشتی هەمیشە جەختی لە بەشداریی تەواوی ژن لە کۆمەڵگادا کردووەتەوە، رووداو لێی پرسی، لەو روانگەیەوە ئایا پێتان وایە ژنە شەڕڤانە کوردەکان دەبێت ببنە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگری و ئاسایشی سووریا؟
 
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامدا بە رووداوی گوت، "بێگومان، پابەندیی سکرتێری گشتی بە بەشداریی تەواوەتیی ژنان لە تەواوی کۆمەڵگەدا، چ لە بواری سیاسەت بێت یان لە بواری ئاسایش، بە نەگۆڕی ماوەتەوە. پێموایە ئێمە ئەو بابەتانە بۆ ئەو گفتوگۆیانە جێدەهێڵین کە لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەدا بەردەوامن، بۆئەوەی وردەکاریی ئەو پرسانە یەکلا بکەنەوە."
 
سەرۆکی سووریا بڕیارێکی دەرکردووە کە مافی کولتووری و زمان و ناسنامە بۆ کورد دەگەڕێنێتەوە، بەڵام مافی بەشداریی سیاسی و حوکمڕانیکردنی ئیداریی ناوچە زۆرینە کوردییەکان بەشێک دەبن لە خواستە سەرەکییەکانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی و شاندێکی یاوەری لە میونشن

شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا پشتگیری بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان نیشان دەدەن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە. شاندەکەی کۆنگرێس پشتگیریی خۆیان بۆ عێراق و "پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات نیشان دا."