رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جەنگدا بە "تەواوەتی بەزێنراوە" و ئێستا خەریکی هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. بەڵام ترەمپ جەختی کردەوە، ئەو بەو رێککەوتنە رازی نییە.
رۆژی شەممە، 14-03-2026 ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ هێرشی کردە سەر دەزگەکانی راگەیاندن و گوتی: "میدیاکانی هەواڵی ساختە رقیان لێمە باسی ئەوە بکەم کە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان چەند بە باشی لە دژی ئێران کاری کردووە."
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئێران "بە تەواوەتی تێکشکێندراوە" و ئاماژەی بەوەش کرد، تاران داوای رێککەوتن دەکات، بەڵام گوتی: "ئەو رێککەوتنە نابێت کە من قبووڵی بکەم."
دوایین پۆستی ترەمپ پێش ئەم پەیامە، راگەیێندراوێکی درێژبوو لەسەر بابەتی دوورگەی خارک.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەم هێرشەدا هەموو ئامانجە سەربازییەکانی ناو دوورگەی (خارک) کە گرنگترین ناوەندی ستراتیژیی ئێرانە، بە تەواوەتی لەناوبراون و وێران کراون. ترەمپ گوتی: "چەکەکانمان بەهێزترین و پێشکەوتووترینن کە جیهان تاوەکو ئێستا دیتبێتی."
کەنداو و ناوچەکە شەوێکی سەختیان بەڕێکرد. جارێکی دیکە درۆن ئاراستەی هەولێر کرا و درۆنەکان لەلایەن سیستمە بەرگرییەکان تێکشێندران، ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت 300ـی تێپەڕاند.
بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و گوتی، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، تەواوی ئەو کێڵگە نەوتییانەی ناوچەکە تێکدەشکێنن کە پشکی ئەمریکایان تێدایە.
سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی شەپۆلی 48ـەمی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق 4"ـی راگەیاند و گوتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان، چەندین ئامانجیان لە باکووری ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆردوومان کردووە.
تاران بازنەی ئامانجەکانی بۆ "جەنگی ژێرخان" فراوانتر کرد و ناوی نزیكەی 30 کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆژیای ئەمریکی وەک ئامانجی سەربازی راگەیاند.
بەرپرسێکی ئەمنیی عێراقی رایگەیاند، رۆژی شەممە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە رێگەی درۆنەوە هێرشی کراوەتە سەر و دووکەڵ لە نێو کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەکە بەرزبووەتەوە.
هەر لە بەغدا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە بەغدای پایتەخت بیستران، دواتر دەنگۆی کوژرانی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوبووەوە.
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و شارۆچکەکانی لوبنان، زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل و شوێنی کۆبوونەوەی سەربازان لە ناوخۆی ئیسرائیل و ناوچە سنوورییەکان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ