گەورەترین پەرستگەی هیندۆسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئیمارات کرایەوە

15-02-2024
تەنیا ئەحمەد
گەورەترین پەرستگەی هیندۆسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەبوزەزبی کرایەوە. وێنە: AFP
گەورەترین پەرستگەی هیندۆسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەبوزەزبی کرایەوە. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان پەرستگەیەکی هیندۆسی لە ئیمارات کردەوە، پەرستگەکە گەورەترینە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەشێکی زێڕینی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نووسییەوە. پەرستگەیەکی جوان و پیرۆز لێرە کرایەوە؛ کاری چڕوپڕی چەندین ساڵ لەپشت ئەم ساتەوە هەیە."  
 
پەرستگەکە ناوی 'سوامینارایان'ـە و دەکەوێتە شاری ئەبوزەبی. لەسەر رووبەڕی 109 هەزار و 265 مەتر دووجا و بە تێچووی 108 ملیۆن و 907 هەزار دۆلار دروستکراوە، شوێنی 10 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە.
 
نیتاڵ پارێخ، خۆبەخشە و دەڵێت، "دڵم زۆر خۆشە، بەگشتی گوێت لە باسوخواسی ئاشتی و یەکگرتوویی دەبێت، بەڵام کاتێک دێیتە ئەو فێستیڤاڵەی ئێرە لە ئەبوزەبی و ئەو هەموو خەڵکە دەبینی لە کولتوور و ئایینی جیاوازەوە هاتوون بۆ ئەوەی ئاهەنگ بگێڕن، بەراستی ئەوە زۆر جوانە."
 
سەرۆکوەزیرانی هیندستان لەلایەن شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیماراتەوە پێشوازیی لێکرا. ئەمە پێنجەم سەردانی سەرۆکوەزیرانی هیندستانە بۆ ئیمارات لە هەشت مانگدا. 
 
ئیمارات سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هیندستانە، لە دوو ساڵی رابردوودا 85 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانیاندا هەبووە.
 
پێڤان پارێخ، گەشتیارە و دەڵێت، "گرنگیی ئەمە تەنیا بۆ هیندۆسەکان نییە، بەڵام هەموو کۆمەڵگە عەرەبییەکان دێنە ئێرە، ئەمەش یەکەمجارە شتێکی وا رووبدات، چونکە خەڵک لە هەموو کۆمەڵگەکانەوە پێکەوە دێن بۆ ئاهەنگگێڕان لەو پەرستگەیە لە ئیمارات."
 
ژمارەی دانیشتووانی ئیمارات نۆ ملیۆن و 300 هەزار کەسە، زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو هاووڵاتی هیندستان لەو وڵاتە دەژین، زۆربەیان بۆ کارکردن روویان لە وڵاتەکەی کەنداو کردووە.
 
ئایینی هیندۆسی لەدوای مەسیحی و ئیسلام سێیەم گەورەترین ئایینی جیهانە کە 1.2 ملیار پەیڕەوکاری هەیە و ٪15ـی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە