رووداو دیجیتاڵ
23ی شوباتی ئەم ساڵ لە ئەڵمانیا هەڵبژاردنە پێشوەختەکان بۆ پەرلەمانی فیدراڵی بەڕێوەدەچن و 11 بەربژێری کورد لەو هەڵبژاردنە بەشدارن.
لەنێو زۆرتر لە یەک ملیۆن کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، 11 کورد خۆیان بەربژێر کردووە و دیاسپۆرانشینان دەتوانن دەنگیان پێبدەن. لە دیاسپۆرای رابردوودا قاسم تاهیر ساڵح میوان بوو، کە پەرلەمانتارە و لەسەر لیستی سەوزەکان خۆی بەربژێر کردووەتەوە. ئەم هەفتەیە بەربژێرێکی دیکە میوانی دیاسپۆرایە.
عەلی ئارتان تۆپراک، کوردستانییەکی زۆرتر ناسراوە لەنێو ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی ئەڵمانیادا. تۆپراک کوردێکی عەلەوییە، بەڵام لە کوردستان نەژیاوە، کوردییەکەی بۆ ئەوە نابێت هەڤپەیڤینی پێ بکات، بەڵام کردەوەکانی لە ئەڵمانیا هێندە کوردستاندۆستانە و کوردانەن کە کاتێک بڕیارسازان و میدیای ئەڵمانی دەیبینن، وەکو عەلییەکەی کورد دەیناسنەوە. ئەو لەم هەڵبژاردنانەدا لەسەر لیستی کریستیان دیموکراتەکان بەربژێرە، کە راپرسییەکان دەڵێن، ئەو پارتە زۆرترین دەنگ دەهێنێت.
عەلی ئارتان تۆپراک، سەرۆکی جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا و بەربژێری پارتی کریستیان دیموکرات باسی لە کارنامەی پارتەکەی کرد بۆ دیاسپۆرای کوردی.
تۆپراک گوتی، پارتەکەی لە کاتە سەختەکاندا پشتگیریی باشووری کوردستانی کردووە، "ئەو کاتەی کە دۆخی کوردستان لە دۆخێکی ناخۆشدا بوو، پارتە چەپەکان دژی پێدانی چەک بوون بە باشووری کوردستان، بەڵام پارتی کریستیان دیموکرات ئەوەی کرد."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەڵمانیا، عەلی ئارتان تۆپراک باسی لەوە کرد، وڵاتەکە دوو ساڵە بە قەیرانێکی ئابووریدا تێدەپەڕێت، "ئەوەی کە دەبێتە هۆی رزگارکردنی ئەڵمانیا لەم دۆخە ناخۆشەی ئابووری، پارتی کریستیان دیموکراتە. یەکەم شت کە لە پێشینەی ئێمەدایە، ئەوەیە کە باجەکان کەم بکەینەوە و دەمانەوێت ئابووری ببوژێنینەوە."
تۆپراک رەخنەی لە پارتە چەپەکان گرت و گوتی، "بەداخەوە پارتە چەپەکان لە بابەتی ئابووری تێناگەن و لە سێ ساڵی رابردوودا دۆخی ئەڵمانیایان خستە دۆخێکی زۆر خراپەوە. ئەڵمانیا دەوڵەتێکی سۆسیالیستە و پێویستە لەم دۆخەدا ئابوورییەکی بەهێزمان هەبێت. پێم وایە پارتەکەمان هەڵبژاردەیەکی باشە و ناونیشانێکی باشە، بەتایبەت کە دەمانەوێت باجی کۆمپانیاکان کەم بکەینەوە."
عەلی ئارتان تۆپراک، 11 ساڵە سەرۆکایەتی جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا دەکات. سەرۆکی جڤاکی کوردی سەبارەت بە بڕیاری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان گوتی، "لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا دۆخی کوردمان بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشان داوە. لە رای گشتیدا کورد روانگەیەکی ئەرێنیی هەیە و کۆچبەری کورد لە ئەڵمانیا کێشە نییە بۆ ئەڵمانیا، چونکە لەگەڵ ئەڵمانیا خۆیان گونجاندووە."
تۆپراک جەختیشی کردەوە، "کۆمەڵگەیەکی کوردی هەیە کە لەگەڵ ئەڵمانیا خۆی دەگونجێنێت. ئێمە لە دوایین ساڵەکاندا بە شێوەیەکی باشتر هەوڵمان داوە کە دەنگی کورد بە ئەڵمانیا بگەیێنین. ئێمە بووینە مایەی ئەوەی کە دۆستایەتییەک دروست ببێت لەنێوان کورد و ئەڵمانیادا. لەگەڵ سیاسەتی ئەڵمانیادا بووین و دەمانەوێت لەوەدا چالاک بین."
بەربژێرە کوردەکە گوتی، "ئێمە بەشێکین لە ئەڵمانیا و کوردەکانیش دەبنە خاوەنی قسە لە ئەڵمانیا لە داهاتوودا. من بۆیە دەمەوێت بچمە پەرلەمانی ئەڵمانیا و وەک ئەوەی کە چەندین ساڵە نوێنەرایەتیی کورد دەکەم، پێموایە بە باشترین شێوەش لە داهاتوودا نوێنەرایەتی کورد دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ