رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا و عێراق کوشتنی سەرکردەیەکی باڵای داعشیان لە عێراق راگەیاند، ئەمڕۆ هاوژینەکەیشیان دەستگیرکرد.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، رۆژی شەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، رایگەیاند: "سێنتکۆم ستایشی هەواڵگری و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووی دەستگیرکردنی ئوم حوسەین، تیرۆرستی داعشی چیچانی کە هاوژینی ئەبو خەدیجەی سەرکردەی داعش بووە."
بە گوێرەی سێنتکۆم، ئەبو خەدیجە، ناوی راستەقینەی مەکی مسولیح ریفاعی بوو و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکان و دووەم باڵاترین سەرکردەی داعش بووە، رۆژی 13ـی ئادار، لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق بە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا کوژراوە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، ئەبو خەدیجە جێگری خەلیفە و والی داعش بووە لە عێراق و سووریا.
سێنتکۆم لە پۆستەکەی رۆژی شەممەیدا، باس لەوە دەکات، هێزە عێراقییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەیاندا "دوو تیرۆرستی دیکەی داعشیان" دەستگیرکردووە.
دەشڵێت: "ئەمە گەواهیدەری پابەندبوونی بەردەوامی عێرقە بە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی داعش و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و ئاسایشی ناوچەکە."
سێنتکۆم رۆژی شەممە، ڤیدیۆی بۆردوومانکردن و ئەبو خەدیجەی بڵاوکردەوە، کە لە هەمان هێرشدا، ئەندامێکی دیکەی داعشیش کوژرا.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەیەک دەڕوات کە هەردوو لای چۆڵەوانین، لەو کات فڕۆکەیەکی ئەمریکا بۆردوومانی دەکات، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و لە رێڕەوی خۆی دەردەچێت، دوای پێنج چرکە، مووشەکێکی دیکەی لێ دەدرێت و لە جووڵە دەخرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا، رایگەیاند، هێرشەکە بە هاوئاهەنگیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
سێنتکۆم لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوو کوژراوەکە "پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستبوو کە هێشتا نەتەقیبووەوە و ژمارەیەک چەکیان پێبووە."
وەک سێنتکۆم باسی دەکات، بە پشکنینی دی ئێن ئەی پشتڕاستیانکردووەتەوە کە یەکێک لە کوژراوان ئەبو خەدیجەیە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کوژرانی سەرکردەکەی داعشی راگەیاند، بێ ئەوەی ئاماژە بە رۆڵی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
دوای راگەیێندراوەکەی سوودانی، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە رەخنەی لە هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرت و گوتی: "ئاماژەیان بە رۆڵی سەرەکیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەکردووە" لە کوشتنی ئەو سەرکردەیەی داعش دا.
دوای راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کوشتنی ئەبو خەدیجەی تیرۆریست، بە هاوکاری هەواڵگری بەرهەمداری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە."
جەنەڕاڵ مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت: "ئەبو خەدیجە یەکێک بوو لە ئەندامە هەرە گەورەکانی داعش و رێکخراوی جیهانیی داعش. بەردەوامدەبین لە کوشتنی تیرۆریستان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکانیان کە هەڕەشە لە نیشتمانمان و خەڵکی وڵاتانی هاوپەیمان و هاوبەشمان لەنێو و دەرەوەی ناوچەکە دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ