رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پلانێکی ئیسرائیلی بۆ کوشتنی رێبەری ئێران ڤیتۆ کردووە. ئەوان دەڵێن، سەبارەت بە جەنگی ئیسرائیل و ئێران لەگەڵ بەرپرسانی تەلئەڤیڤ لە گفتوگۆی بەردەوامدان.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025، دوو بەرپرسی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی ئیسرائیلی بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران ڤیتۆ کردووە.
یەکێک لەو دوو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ هاووڵاتییەکیان بە مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نەکوژراون. یەکێکیان دەڵێت، "تاوەکو ئەو کارە نەکەن" ئەوا رێگە بە ئامانجگرتنی سەرکردە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە نادەن.
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە ڤیتۆکردنی پلانەکە دەڵێت، "پێویستە سەرکردەکانی ئێران بە ئامادەبوونیان بۆ کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی بەڕووی ئەمریکا و دیاریکردنی رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی تیمەکانیان بدەنەوە". گوتیشی، "پێویستە تاران لە رێگەی عومانەوە" پەیوەندی بە بەرپرسانی ئەمریکاوە بکات.
ئەو دوو بەرپرسەی قسەیان بۆ ئەمریکا کردووە ئاماژەیان بەوەش کردووە، لە رۆژی هەینیەوە کە جەنگ دەستیپێکردووە بەرپرسانی واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی تەلئەڤیڤ لە گفتوگۆی بەردەوامدان. بە گوێرەی ئەوان، بەرپرسانی ئیسرائیل گوتوویانە دەرفەتیان بۆ کوشتنی خامنەیی هەبووە.
ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامی دەنگۆی هەبوونی پلانی کوشتنی خامنەیی لەلایەن وڵاتەکەیەوە رایگەیاند، "ژمارەیەک راپۆرتی هەڵە لەبارەی گفتوگۆکانەوە بڵاوکراونەتەوە و نامەوێت باسی ئەو بابەتە بکەم". گوتیشی، "دەتوانم پێت بڵێم کە پێموایە دەزانین پێویستە چی بکەین. ئەوە دەکەین کە پێویستە بیکەین. پێموایە ئەمریکا دەزانێت چی بۆ ئەمریکا باشە".
رۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش وەڵامی دایەوە. بەرپرسانی تەلئەڤیڤ هەڕەشەی بەردەوامیدان بە هێرشەکانیان و بەرپرسانی تارانیش وەڵامی تووندتر دەکەن.
سەبارەت بە ئەگەری بەشداری ئەمریکاش لە جەنگەکە ترەمپ ئەمڕۆ رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نەچوونەتە نێو جەنگەکە بەڵام ئەگەری هەیە ببنە بەشێک لەو جەنگە. ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی تووندیان لە فەرەنسا، ئەمریکا و بەریتانیا لە ئەگەری هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە جەنگەکە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ