رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای هەڕەشەکانی حکومەتی چین، لە کۆتاییدا بەریتانیا ملی بۆ گوشارەکانی ئەمریکا دا و بەشداری کۆمپانیای هواوی چینی لە تۆڕی ئینتەرنێتی خێرای 5G ئەو وڵاتە رەتکردەوە.
هەرچەندە پێشتر بەریتانیا رێگەی بە کۆمپانیای هواوی دابوو کە بەشداربێت لە دابینکردنی ئامێرەکانی پەیوەست بە تۆڕی ئینتەرنێتی 5G، بەڵام ئۆلیڤەر داودن، وەزیری دیجیتاڵی بەریتانیا رایگەیاند دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی ئاسایشی بەریتانیا، دواجار بڕیاریانداوە بە لادانی هواوی لە تۆڕی ئینتەرنێتی 5G ی بەریتانیا.
پێشبینیدەکرێت بڕیارەکەی بەریتانیا کێشەکانی نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ دووەم گەورەترین ئابووریی جیهاندا زیاتر بکات.
بەریتانیا پێشتر پشتی بە هواوی بەستبوو لە دانانی تۆڕی ئینتەرنێتی 5G بۆ ماوەی 20 ساڵ.
بەپێی پێشبینییەکان لادانی هواوی لە تۆڕی ئینتەرنێتی 5Gی بەریتانیا خەرجییەکانی ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا زیاد دەکات و زیانی 2.5 ملیار دۆلار بە بەریتانیا دەگەیەنێت.
کریستۆفەر رای، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا، چین بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر "داهێنانەکانی ئەمریکا، ئاسایشی ئابووری و ئایدۆلۆژیای دیموکراسی هەر وڵاتێک" ناودەبات. ئاشکرای کرد نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) زیاتر لە دوو هەزار لێکۆڵینەوەی لە بەردەستدایە کە پەیوەندییان بە چینەوە هەیە.
هەروەها رۆبێرت ئۆبریێن، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاسایشی نیشتمانی، پێشتر هۆشداری دا کە پارتی کۆمۆنیستی چین هەڕەشەیە بۆ سەر شێوازی ژیانی ئەمریکییەکان و ئەوان هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگەگرتن لە بڵابوونەوەی ئایدۆلۆژیی پەکین .
پێشتریش چەندینجار ئەمریکا حیزبی کۆمۆنیستی چینی تۆمەتبارکردووە بە بەکارهێنانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان بۆ "سیخوڕیکردن" بەسەر وڵاتانی دیکە، لە نێویشیاندا کۆمپانیای هواوی. ئەمریکا هۆشداری بە هاوپەیمانەکانی خۆی داوە کە خۆیان دووربگرن لە کڕینی تەکنەلۆژیای کۆمپانیا چینییەکان بۆ ئەوەی ئاسایشی نیشتمانییان "پارێزراو" بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ