رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان وڵاتی بەرەو تاجیکستان جێهێشتووە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە میدیاکانی راگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە 15ی ئابی 2021 چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان چوونەتە نێو کابوول-ی پایتەختی ئەفغانستان، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیانەوە بە هێلیکۆپتەر ئەو وڵاتەیان جێهێشت.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، چەکدارانی تاڵیبان لە "هەموو لایەکەوە" چوونەتە نێو کابوول، بەڵام زانیاریی زیاتری لەوبارەیەوە نەدا.
کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەفغانستان لە تویتێکدا رایگەیاند، دەنگی تەقەکردن لە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری کابوول دەبیسترێت، بەڵام بە هاوکاریی هاوکارە نێودەوڵەتییەکان، هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان توانیویانە کۆنترۆڵی شارەکە بکەن.
بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، دیپلۆماتکاران لە باڵیۆزخانەوە بەرەو فڕۆکەخانە رۆشتوون. سەربازی ئەمریکیی زیاتریش بۆ هاوکاریکردنی دیپلۆماتکاران دەنێردێنە ئەفغانستان بەمەبەستی جێهێشتنی ئەو وڵاتە، ئەمەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ماوەی چەند رۆژێکدا توانیی بگاتە کابوول.
هەفتەیەک بەر لە ئێستا سەرچاوەیەک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، کابوول دەتوانێت لانیکەم بۆ ماوەی سێ مانگ خۆی بگرێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، ژمارەیەک کارمەندی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی کابوول کاریان دەکرد، بەرپرسێکی ناتۆش دەڵێت، ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا چوونەتە شوێنی سەلامەت و نهێنی لە پایتەختی وڵاتەکەدا. بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبانیش دەڵێت، نایانەوێت لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ئەفغانستان هیچ قوربانییەک بکەوێتەوە، بەڵام ئاگربەستیان رانەگەیاندووە.
رۆژی شەممە 14ی ئابی 2021، بزووتنەوەی تاڵیبان بەبێ شەڕکردن شاری جەلالابادی کۆنترۆڵکرد، بەوەش توانییان یەکیک لە رێگە سەرەکییەکانی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکەن. دواتریش دەروازەی سنووریی تۆرخامیان کۆنترۆڵکرد، کە دەروازەیەکی سنووریی نێوان ئەفغانستان و پاکستانە، بەوەش تاکە رێگەی دەربازبوونیان لە ئەفغانستان هێشتەوە کە فڕۆکەخانەی کابوولە و هێشتا لەدەستی هێزەکانی ئەفغانستانە.
دای جەلالاباد، بزووتنەوەی تاڵیبان توانیی بە کەمێک رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، دەست بەسەر باکووری شاری مەزاری شەرفیدا بگرێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئیدارەکەی لە قەتەر بە بەرپرسانی بزووتنەوەی تاڵیبانی راگەیاندووە، هەر کردەوەیەک کە سەربازان و کارمەندانی ئەمریکی بخاتە مەترسییەوە، "بەشێوەی تووند و خێرا وەڵامی سەربازیمان دەبێت".
لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە. بایدن رایگەیاندووە، سوپای ئەفغانستان دەبێت خۆی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆنترۆڵ بکات، "مانەوەی بێ کۆتایی ئەمریکا لە ناوەڕاستی گرژیی ناوخۆی وڵاتێکی دیکە بۆ من جێگەی قبووڵ نییە".
قەتەر، کە گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان حکومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان بەڕێوەدەبات، رایگەیاندووە، داوای لە چەکدارانی بزووتنەوەکە کردووە کە ئاگربەست رابگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ