رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (بە کاتی ئەمریکا) لە سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەکان بەلەمێکی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکانیان بۆردوومان کردووە، کە بەرەو ئەمریکا دەڕۆیشت. دەشڵێت، بەلەمەکە ڤەنزوێلی بووە و بەهۆی هێرشەکەوە سێ "تیرۆرست" کوژران.
رۆژی 15ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "بە فەرمانی من، هێزە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووەم هێرشیان کردە سەر چەند کارتێلێکی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان و تیرۆریستانی مادە هۆشبەرەکان". دەشڵێت، "هێرشەکە لە کاتێکدا روویدا کە ئەم تیرۆریستانەی مادە هۆشبەرەکان کە خەڵکی ڤەنزوێلا بوون، لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بوون و مادە هۆشبەرە نایاساییەکانیان بەرەو ئەمریکا دەگواستنەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس، هیچ زیانێکیش بە هێزەکانی ئەمریکا نەگەیشتووە.
رۆژی 2ی ئەم مانگە، هێزەکانی ئەمریکا کەشتییەکی گوماناویی مادە هۆشبەرەکانیان لە کاریبی تەقاندەوە. ترەمپ ئەو کات گوتی سەر بە "رێکخراوی تاوانکاری ترێن دی ئاراگوای" ڤەنزوێلایی بووە و ئەویشی بە مادورۆوە گرێدا، لە ئەنجامدا 11 کەس کوژران. ئەمە یەکەم هێرشی ئەمریکا بوو بۆ سەر ئەو گرووپانە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەو مادە هۆشبەرانەی دەگوازرێنەوە وڵاتەکەی بە "چەکێکی کوشندە کە ئەمریکیەکان ژەهراوی دەکات" وەسفکرد و جەختی لەوە کردەوە، بازرگانانی مادەی هۆشبەر "هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمریکا".
سەرۆکی ئەمریکا ڤەنزوێلای بە سەرچاوەی سەرەکی گەیشتنی مادە هۆشبەرەکان بە وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات و چەند جارێک ئاماژەی بە گرتنەبەری هەموو رێکارێک بۆ رێگری لەو کارە کردووە.
ئەمریکا مادورۆ بە سەرۆکایەتیکردنی ئەو گرووپانە تۆمەتبار دەکات کە مادە هۆشبەرەکان دەگوازنەوە ئەمریکا و پارەی بۆ دەستگیرکردنی تەرخانکردووە. تەممووزی ئەمساڵ، واشنتن بڕی ئەو پارەیەی بۆ دەستگیرکردنی مادۆرۆ تەرخانی کردبوو لە 25 ملیۆنەوە بۆ 50 ملیۆن دۆلار زیاد کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ