توێژینەوەیەک: ئەو دادوەرانەی بە رۆژوو دەبن لەکاتی دادگاییکردندا نەرمونیانترن

16-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤارێکی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات ئەو دادوەرانەی لە مانگی رەمەزاندا بە رۆژوو دەبن، لە بڕیارداندا "نەرمونیانترن". ئەوەش بە پێچەوانەی توێژینەوەیەکی پێشترە، کە پێیوابوو ئەو دادوەرانەی بۆ ماوەیەک خۆراک ناخۆن، سزای تووندتر بەسەر تۆمەتباراندا دەسەپێنن.
 
لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2011دا کە لەژێر ناونیشانی "کاریگەریی دادوەری برسی" لە ئیسرائیل کراوە، بانگەشەی ئەوەی دەکرد، ئەو دادوەرانەی پێش نانخواردن تۆمەتبارانیان دادگایی کردووە، کەمتر فەرمانی ئازادکردنی بە کەفالەتیان دەرکردووە لەوەی لە دوای نانخواردن دەریانکردووە. 
 
توێژینەوەیەکی نوێی هاوبەشی کۆلێژی نیو ئیکۆنۆمیک سکوولی مۆسکۆ و زانکۆی مارسیلی فەرەنسا ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە پێچەوانە دەکاتەوە.
 
سوڵتان مەحموود، توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت بۆ ئەو "جێگەی پرسیار بووە کە ئایا ئەو ئەنجامەی لە توێژینەوەکەی ساڵی 2011 دا کراوە، هەمان دەرەنجامی لەسەر دادوەرە موسڵمانەکاندا دەبێت لە مانگی رەمەزاندا،" لەکاتێکدا موسڵمانان تێیدا بە رۆژوو دەبن. 
 
بۆ ئەوەی بۆیان روونبێتەوە، مەحموود و دوو توێژەری دیکە بەدواداچوونیان بۆ ژمارەیەکی زۆری داتای سزادانی تاوانباران کردووە، لەنێویدا بەدواچوونیان بۆ کەیسی نزیکەی 500 هەزار تاوانبار و بڕیاری 10 هەزار دادوەر لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا کردووە. شوێنی توێژینەوەکەش، هیندستان و پاکستان بوون کە رێژەی موسڵمانان تێیاندا %15 و %96.5ـە. 
 
مەحموود دەڵێت، ئەوان "تووشی سەرسووڕمان بوون" کاتێک دەرەنجامێکی پێچەوانەی توێژینەوەی "کاریگەریی دادوەری برسی"یان بۆ دەرکەوتووە. 
 
توێژینەوە نوێیەکە، کە لە گۆڤاری نەیچەر هیومن بیهەیڤیەری بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "رێژەیەکی زۆری لێخۆشبوون لەلایەن دادوەرە موسڵمانەکانەوە هەبووە" کاتێک لە مانگی رەمەزاندا تۆمەتبارەکانیان دادگایی کردووە. توێژەران لە مانگی رەمەزاندا بە هەمانشێوە چاودێریی دادوەرە ناموسڵمانەکانیشیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە "هیچ گۆڕانکارییەکی لەوجۆرە لە نێوان ئەواندا نەبووە،" بەو پێیەی ئەوان تێنوو و برسیی نەبوونە. 
 
مەحموود دەڵێت، دادوەرە موسڵمانەکان لە پاکستان و هیندستان بە رێژەی 40٪ زیاتر  فەرمانی بێتاوانبوونیان بۆ تۆمەتباران دەرکردووە، بەراورد بەو کاتەی بەدەر لە مانگی رەمەزان بڕیاریان دەرکردووە.
 
جگە لەوەش، توێژینەوەکە دەڵێت، ئەو تۆمەتبارانەی کە بڕیارێکی نەرمیان بەسەردا جێبەجێکراوە، "چیدی ئەگەری ئەوەیان نەبووە تاوانی دیکە بکەن". بەشێوەیەکی گشتیش گەڕانەوە بۆ تاوانی پێشتر کەمتر بووە، لەنێویدا تاوانی دڕندانە، دزیکردن بە چەک و کوشتن.
 
ئاڤنێر سێرۆر، بەشداربووی توێژینەوەکە و ئابووریناس لە زانکۆی مارسیلی فەرەنسا دەڵێت، کاریگەریی کاژێرەکانی بە رۆژووبوونیان لەسەر دادوەران شیکردووەتەوە و "تاوەکو زیاتر دادوەرەکان بەبێ خۆراک مابنەوە، بڕیاردانەکانیان نەرمتر بووە". بەجۆرێک، وەکو توێژینەوەکە باسی دەکات، بۆ هەر کاژێرێک کە زیاتر بە رۆژوو بوونە، 10٪ زیاتر چانسی ئەوەیان هەبووە، سزای تۆمەتباران کەمتر بکەنەوە. 
 
سێرۆر ئاماژە بەوە دەکات، کە دەکرێت بڕیاری دادوەر پەیوەندیی بە "بیرۆکەی لێبووردەیی نێو موسڵمانانەوە هەبێت". دەشڵێت، رۆژووگرتن "یارمەتیی دادوەران دەدات بۆ ئەوەی بڕیاری راست و دروست بدەن". 
 
توێژەران بە گەڕانەوە بۆ چەند توێژینەوەیەکی پێشتر، ئاماژە بەوە دەکەن، کە بێجگە لە مانگی رەمەزان، رۆژووگرتنی ناو بە ناو یارمەتیی دادوەران دەدات بۆ ئەوەی خوو، درککردن و بیرەوەرییان باشتر بێت، کە ئەوەش یارمەتیی دادوەران دەدات بۆ ئەوەی بڕیاری باشتر بدەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە