رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئۆپەراسیۆنی نهێنی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکا ناسراو بە (سی ئای ئەی) دژ بە ڤەنزوێلا پەسندکردووە، بەڵام بە تەواوەتیش دانیپێدا نەنا. راشیگەیاند، بیر لە هێرشکردنە سەر باندەکانی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان لەنێو ئەو وڵاتە دەکاتەوە.
شەوی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پلانەکەی پەسندکرد، بەڵام بەڵام رەتیکردەوە وردەکاریی لەسەر راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بدات، کە باس لەوە دەکات ترەمپ بە نهێنی رەزامەندی لەسەر چالاکییە نهێنییەکانی سی ئای ئەی لەنێوخۆی ڤەنزوێلا داوە.
لەداوی ئەو لێدوانەی ترەمپیش، نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا، کاردانەوەی تووندی هەبوو و ئیدارەی ترەمپی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت لەرێگەی سی ئای ئەیەوە "کودەتا" لە دژی وڵاتەکەی بکات.
ترەمپ لەبارەی ئەو بڕیارەیەوە، رایگەیاند " لەبەر دوو هۆکار مۆڵەتم دا" و رژێمی مادورۆی تۆمەتبار کرد بەوەی سەرکردایەتیی رژێمێکی تیرۆریستی مادە هۆشبەرەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەش زیندانییەکانی وڵاتەکەی ئازاد دەکات و رەوانەی ئەمریکایان دەکات.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، ئایا دەسەڵاتی داوە بە سی ئای ئەی بۆ لەنێوبردنی مادورۆ، ترەمپ گوتی "ئەمە پرسیارێکی پێکەنیناوییە بۆ من."
دواتر سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی تاوتوێی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی باندی مادە هۆشبەرەکان لە ڤەنزوێلا دەکات.
ترەمپ لە نێو ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "ئێستا بە دڵنیاییەوە چاودێریی ئەو باندانە دەکەین، چونکە چالاکییەکانی ئەو باندانەمان لەنێو دەریا زۆر بە باشی کۆنترۆڵ کردووە."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، لەماوەی مانگی رابردوودا، سوپای ئەمریکا، چەندین جار بازرگانانی مادە هۆشبەرەکانیان لە دەریاکانی ئەمریکای باشوور کردووەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا لانیکەم 27 کەس لە هێرشەکانی ئەمریکا دا کوژراون.
بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنانەی سوپای ئەمریکا لە دەریاکانی ئەمریکای لاتین بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئەمریکای باشوور سەرکۆنە کراون و ترسی ئەوەشی لە ڤەنزوێلا دروستکردووە، بەوەی ئیدارەی ترەمپ لەرێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەوە، هەوڵی گۆڕینی رژێمی ئەو وڵاتە بدات.
لەدوای لێدوانەکانی ترەمپ، مادورۆ، لە گوتاێکدا لەبەردەم لیژنەی باڵای سەربازیی وڵاتەکەی رایگەیاند، "نا بۆ جەنگ لە دەریای کاریبی. نا بۆ گۆڕینی رژێم. نەخێر بۆ ئەو کودەتایانەی سی ئای ئەی پیلانی بۆ داڕشتوون."
لەدوای ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەمریکاش، مادورۆ فەرمانی مانۆڕی سەربازی لە دەریاکانی وڵاتەکەی دا و هەر لەگوتارەکەشیدا، سەرۆکی ڤەنزوێلا گوتی "سوپا، پۆلیس و هێزەکانی دیکە، ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە چیاکان، کەنارەکان، قوتابخانە، نەخۆشخانە، کارگە و بازاڕەکانی ڤەنزوێلا".
پێش چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێنتاهۆن لە ئەمریکای باشوور، لەمانگی ئابی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا، رایگەیاند بڕی 50 ملیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک کە زانیارییەکانی دەبنە هۆی دەستگیرکردنی مادورۆ.
هەفتەی رابردوو گوشارەکان بۆ سەر رژێمی مادورۆ زیادیان کرد، کاتێک ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا و ئەمریکا پشتیوانی دەکات خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا.
دوای ئەو بڕیارەش، ماچادۆ خەڵاتەکەی پێشکێش بە ترەمپ کرد کە لەکاتی گەڕانەوەی بۆ نێو کۆشکی سپی لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، سەرۆکی ئەمریکا هەڵمەتی بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتەی بۆ خۆی دەستپێکردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ