جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا: ئامادەین بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا بکەین

16-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند، کۆمیسیۆنێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ سووریا دروست دەکەن. دەشڵێت، ئامادەن بەشداری لە هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەدا بکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە. 
 
دوای کۆبوونەوەکە ئەلیکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند، "رێککەوتین کە کۆمیسیۆنێکی هاوبەش دروستبکەین بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و هاوئاهەنگی ئابووری لە داهاتوویەکی نزیکدا". 
 
ئەو بەرپرسە رووسییە گوتی، "گفتوگۆمان سەبارەت بە ژمارەیەک پڕۆژە لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە، گەشتیاری، تەندروستی، کولتووری و مرۆیی کرد". گوتیشی: "گفتوگۆ لەبارەی وردەکارییەکانی هەموو شتێک دەکەین. ئامادەین بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا". 
 
نۆڤاک سەبارەت بە کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی لە سووریا رایگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە ژمارەیەک کۆمپانیای رووسی لە کێڵگە نەوتییەکانی سووریا کاردەکەن. بەشێک لە کێڵگەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و ئامادەین کار لە کێڵگە نوێییەکانیشدا بکەن". جەختی لەوە کردەوە، ئەم پرسە لە نێوان پووتین و شەرع بە وردی باسکراوە". 
 
رووسیا لە ماوەی شەڕی 14 ساڵەی ناوخۆی سووریادا هاوپەیمانێکی سەرەکی و ستراتیژیی حکومەتەکەی ئەسەد بوو. دوای پێشکەشکردنی پشتیوانیی بەهێزی دیپلۆماسی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەکارهێنانی ڤیتۆ دژی چەندین پرۆژەبڕیار، لە ساڵی 2015دا بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستوەردانی سەربازیی کرد و لەرێگەی هێزی ئاسمانییەوە بە چڕی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی بۆردوومان کرد، کە ئەمەش هاوسەنگیی هێزی لە بەرەکانی شەڕدا بە قازانجی ئەسەد گۆڕی.
 
سەرەڕای ئەم مێژووە، دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا هەوڵدەدەن پەیوەندییەکی ئاشتییانە و هاوسەنگ لەگەڵ رووسیا دابمەزرێنن. لەدوای لابردنی ئەسەدەوە، چارەنووسی بنکەی دەریایی ستراتیژیی رووسیا لە تەرتووس و بنکە ئاسمانییەکەی لە حمێمیم بە ناڕوونی ماوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەردانە بەشێک لەو تەمومژە بڕەوێنێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە