رووداو دیجیتاڵ
لینزی گرام، ئەندامی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا داوا دەکات تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوەستێنێت، چونکە ئەوە مەترسیی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکان زیاد دەکات، کە بە گوتەی خۆی ئەگەر رووبدات، بۆ سووریا، ئەمریکا و جیهانیش "مۆتەکە" دەبێت.
گرام رۆژی یەکشەممە بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، بەرژەوەندیی ئەمریکا لەوەدایە رێگە نەدات داعش بگەڕێتەوە گۆڕەپانی جەنگ.
سیناتۆرە کۆمارییەکە گوتی: "نامانەوێت ئەم خەڵکە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەببەن. نامانەوێت ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربکرێین. هەروەها ئەوان دەیانەوێت هاوڕێیانمان لە ئیسرائیل لەنێوببەن."
ئەم قسانەی گرام لە کاتێکدان کە تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی نزیکی، لە پێش و دوای رووخانی بەشار ئەسەد هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، ئەو هێزەی کە ئەمریکا بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەزانێت.
گرام پێیوایە، "تورکیا نیگەرانیی ئەمنیی رەوای لە بارەی هەندێ گرووپی کورد" هەیە، بۆیە دەبێت "ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو" لە سنووری نێوان هێزەکانی تورکیا و شەڕڤانە کوردەکان لە باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان دروستبکرێت.
هۆشداریش دەدات کە "ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر کورد و ئەم چەکدارانەی داعش لە زیندان رابکەن، مۆتەکە دەبێت بۆ ئێمە. مۆتەکە دەبێت بۆ سووریا. مۆتەکە دەبێت جیهان. ناکرێت ئەوە رووبدات."
لە کاتی راگەیاندنی رووخانی "خەلافەت"ـی داعش لە ساڵی 2019، هەسەدە دەستگیرکردنی زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی راگەیاند، کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و عێراقن، نزیکەی دوو هەزاریشیان خەڵکی وڵاتانی دیکەن. هەروەها 45 هەزار و 355 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، لە کەمپی هۆلی حەسەکەدان.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن تورکیای هاوپەیمانی ناتۆوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنرێت.
ئەمریکا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
9ی ئەم مانگە، رۆژێک دوای رووخانی ئەسەد، گرام لە هۆشدارییەکی توونددا رایگەیاند، ئامادەیە لە کۆنگرێس کار بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەنقەرەدا بکات ئەگەر هێزەکانی سەر بە تورکیا بەردەوامبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە.
گرام ئەوکات لە راگەیێندراوێکدا نووسی: "لە رابردوودا سزام بۆ سەر تورکیا ئامادەکردووە ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی هێزە کوردییەکان بکەن، ئەوانەی لە لەنێوبردنی داعشدا یارمەتیی سەرۆک ترەمپیان دا. جارێکی دیکە ئامادەم هەمان کار بکەم."
لە شەڕی 13 ساڵەی نێوخۆی سووریادا کە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، تورکیا رۆڵێکی سەرەکی لە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندا بینی، ئێستاش کە دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا سەرقاڵی دیاریکردنی سیستمی فەرمانڕەوایی داهاتووی وڵاتەکەن، واشنتن لە هەوڵدایە کە ئەنقەرە رازیبکات هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەسەد بوەستێنێت.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، مانەوەی هەسەدە بە پێویست دەزانن بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی داعش لەسەر ئەم قۆناخە راگوزەری سووریا.
رۆژی شەممە، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا لە شاری عەقەبەی ئوردن لەبارەی داهاتووی سووریا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی "کاری گرنگیی ئێستا [لە سووریا] ئەوەیە دڵنیابینەوە لەوەی؛ کاری سەرکەوتووی چەند ساڵی رابردووی لەنێوبردنی خەلافەتی داعش، بەردەوام دەبێت."
بەگوتەی بلینکن، "هەسەدە رۆڵێکی گەورە لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەدا دەگێڕێت. ئەوان هەروەها رۆڵێکی گەورە لە پاسەوانیکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتندا دەبینن کە 10 هەزار چەکداری تیرۆرستی بیانییان تێدایە، هەروەها یارمەتیدەرن لە گەڕاندنەوەیاندا بۆ وڵاتە بنەڕەتەکانیان. بۆیە لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ هاوکارانم لە تورکیا و لەگەڵ ئەوانی دیکەش؛ باسم لەوە کرد؛ زۆر گرنگە لەم کاتەدا هەسەدە بتوانێت لەو رۆڵەی بەردەوام بێت، چونکە داعش هەوڵدەدات ئەم دۆخە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی خۆی رێکبخاتەوە و قۆناخی راگوزەر لە سووریا بقۆزێتەوە."
هەمان رۆژ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی دیکەی رۆژنامەڤانیدا لە عەقەبە، گوتی "پەکەکە لە چەند ساڵی رابردوودا دۆخی ئاڵۆزی سووریای قۆستووەتەوە. خۆیان لەنێو ریزەکانی هەسەدە شاردووەتەوە و پێویستە لەسەرمان لەنێویانببەین لە هەر کوێیەک بن."
فیدان هەروەها گوتی "تورکیا زۆر رێز لە کوردانی سووریا دەگرێت و خۆشگوزەرانیی ئەوانی بەلاوە گرنگە. پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی کوردانی سووریا لە پەکەکە جیابکەینەوە. هەروەها پێویستە نوێنەرە رەواکانی کورد لە دیمەشق بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی کوردانی سووریا بکەن. ئەمە ئامانجمانە و بەم ئاراستەیە بەردەوامدەبین لە کارکردن."
ئەمریکا پێیوایە داعش لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەدایە.
لە هەمان رۆژی رووخانی ئەسەد، ئەمریکا رایگەیاند 75 پێگەی داعشی لە نێوەڕاستی سووریا بۆردوومانکردووە.
گرنگ نییە کام لایەن سەرکردایەتیی حکومەتی داهاتووی سووریا دەکات، پێشبینی دەکرێت داعش دەست لە دژایەتیکردنی هەڵنەگرێت؛ هەفتەنامەی ئەلنبەئی داعش لە دوایین ژمارەیدا دەڵێت، رێکخراوەکەیان هیچ حکومەتێکی نوێ لە دیمەشق قبووڵ ناکات، مەگەر دەسەڵات بە دەستی داعشەوە بێت.
یەکێک لەو خاڵانەی داعش دەکرێت بە خێرایی بیقۆزێتەوە و چاوی تێ ببڕێت، کەمپ و زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیە، کە چەکدارانی داعش و ژن و منداڵانیانی تێدایە.
گرووپەکە پێشتریش ئەو هەوڵەی داوە. کانوونی دووەم (مانگی یەک)ـی 2022، داعش توانی زیندانی غوەیران لە حەسەکە بشکێنێت. بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەمجارە ئامانجی سەرەکیی گرووپەکە؛ کەمپی زەبەلاحی هۆل بێت، لە هەمان شار.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، هێزەکانیان لەوێ دەمێننەوە لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبن.
دەقی قسەکانی لینزی گرام، سیناتۆری کۆماری
لێگەڕێن سوورییەکان حکومەتی خۆیان پێکبێنن و بڕیاربدەن وڵاتێکی چۆنیان دەوێت. بەڵام ئێمە بەرژەوەندیمان لەوەدایە رێگە نەدەین داعش بگەڕێتەوە گۆڕەپانی جەنگ. بۆ پێنج ساڵ، ئەوان لە ئەمریکا و سەرانسەری ئەورووپا تیرۆریان بڵاوکردەوە و خەڵکیان کوشت. چەکدارانی داعش ئامێری کوشتنن. دەیانەوێت ئیسلام پاڵفتە بکەن. دەیانەوێت شای ئوردن و شای سعودیە لەکارلابدەن. دەیانەوێت ئیمارات بگۆڕن بۆ دەسەڵاتێکی ئایینی. نامانەوێت ئەم خەڵکە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەببەن. نامانەوێت ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربکرێین.هەروەها ئەوان دەیانەوێت هاوڕێیانمان لە ئیسرائیل لەنێوببەن. 50 هەزار چەکداری داعش لە ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکادان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیمان لەوەدایە ئەوان لە زیندان رانەکەن و خەلافەت دانەمەزرێننەوە. ئێمە چوار سەربازمان لە رووخاندنی خەلافەتدا لەدەستدان، خوا میهرەبانیی خۆی بەسەریاندا بڕێژێت. من نامەوێت داعش لە زیندان هەڵبێت. تورکیا گوشار دەخاتە سەر کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. پێویستمان بە ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراوە. بەڵام ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر کورد و ئەم چەکدارانەی داعش لە زیندان رابکەن، مۆتەکە دەبێت بۆ ئێمە. مۆتەکە دەبێت بۆ سووریا. مۆتەکە دەبێت جیهان. ناکرێت ئەوە رووبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ