چیرۆکی پاساوەکانی ئێران بۆ هێرشەکەی سەر هەولێر بەردەوامن؛ 'کۆنکرێتی باڵەخانەکە ئاسایی نەبووە'

18-01-2024
کاردانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر
کاردانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر
نیشانەکردن هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لە پاساو هێنانەوە و دروستکردنی چیرۆک بۆ هێرشەکەی سەر هەولێر، بەڵام لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، هێرشەکە ناڕەزایەتی و رەخنەی بەرفراوانی بەدوادا هات.
 
ئێرانییەکان بەهێزیی شێوازی بنیادنانی خانووەکەی پێشڕەو دزەیی دەکەن بە پاساوی هێرشەکە و دەڵێن، ئەو کۆنکرێت و شیش و ئاسنەی لەو خانووەدا بەکارهاتوون ئاسایی نەبوون. 
 
ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاند، "خاڵێک لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان کرا، باڵەخانەیەک بوو، کە لە رواڵەتدا ڤێلایە، بەڵام هەروەک دوای هێرشەکان دەرکەوت، باڵەخانەیەکی بەهێزی کۆنکرێتییە کە بۆ سیخوڕی و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی لەنێو خاکی ئێراندا کەڵکی لێوەردەگیرا؛ بۆ تیرۆر و ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. لەو باڵەخانەیەدا کەلوپەلی پێشکەوتوو لەنێوبران."
تەلەڤزیۆنیی فەرمیی ئێران دەڵێت، "ئەو کۆنکرێتە ئەستوور و شیشە ئاسنانەی لەو خانووەدا بەکارهاتوون، نیشانەی ئەوەیە خانوویەکی ئاسایی نەبووە."
 
حکومەتی عێراق، کە "پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێران" هەیە، رایگەیاندووە، ئەم خانووە شوێنێکی مەدەنی و ماڵی بازرگانێک بووە. بۆیەش وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵای تۆمارکرد.
 
سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باس لەوە دەکات، ئێران هێرشەکەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی بەرگری، ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆریستیی بەڕێوەبردووە.
 
محەممەدڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران لەبارەی هێرشەکەوە گوتی، "لە هەر شوێنێکەوە مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دروست بێت، ئێمە کاردانەوەمان دەبێت؛ کاردانەوەکەش گونجاو دەبێت لەگەڵ مەترسییەکەدا."
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، هێرشی سەر هەولێر لە تۆڵەی کوژرانی سێ فەرماندەی پایەبەرزی سوپای پاسداران لە ماوەی رابردوو لە سوریادا بووە، کە ئیسرائیل بە کوشتنیان تۆمەتبار دەکەن.
 
ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران راشیگەیاندووە کە "زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران و تەقینەوەکان لە ناوەندە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی کە لەم ساڵانەدا کراون، زۆربەیان لە رێگەی کوردستانی عێراقەوە بوون."
 
تەلەفزیۆنی ئێران لە راپۆرتێکدا لە زاری فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە دەڵێت، هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان درێژە پێدەدەن. بەڵام رەخنەگران دەڵێن، ئیسرائیل پەیوەندی زۆر نزیکی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان و تورکیا هەیە و هەندێ لە چالاکییەکانی دژی ئێران لە رێگەی ئەوانەوە دەکات، بەڵام بۆچی لەو وڵاتانە نادات؟

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە