رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی کورد بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەڵمانیا بێ رۆڵی پەنابەر نەدەگەیشتە ئەم ئاستەی ئێستای. دەشڵێت، "هەوڵ دەدەم کورد لە ئەڵمانیا ببێتە خاوەن پێگەیەکی گرنگ."
رۆژی هەینی 17-01-2025 عەلی ئەرتان تۆپراک، بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر لیستی کریستیان دیموکراتەکان (CDU) لە هامبۆرگ بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی گوت، "ئەوانەی لێرە [لە ئەڵمانیا] دەژین و بە باشی فێری ژیانی ئێرە بوون، پێویستە لێرە بمێننەوە. ئەڵمانیا بێ پەنابەر نەیدەتوانی بگاتە ئەم ئاستە."
پارتی کریستیان دیموکرات ئێستا ئۆپۆزیسیۆنە و یەکێکە لە بەهێزترینەکانی ئەڵمانیا. ئەو پارتە لە کۆی 630 کورسیی پەرلەمان ناسراو بە (بوندستاگ)، 151 کورسی هەیە و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش کە لە مانگی شوبات دەکرێت، پێشبینی دەکرێت کورسی زیاتر بەدەست بهێنێت.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچبەرە و ئۆپۆزیسیۆنە. پارتەکە دەڵێت، "پێویستە پەناخوازان بچنەوە وڵاتی خۆیان."
تۆپراک کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی رێکخراوی جڤاکا کوردە، لەبارەی ئەو دەنگۆیەی پارتی جێگرەوە کە گوایە پارتی کریستیان دیموکراتەکان بەرنامەی ئەوانیان کۆپی کردووە، گوتی، "ئەمە شتێکی بێ مانا و پووچە. ئێمە پارتێکی دیموکراسین و ماوەیەکی زۆر لە ئەڵمانیا دەسەڵاتدار بووین و بەناوبانگین. پارتی AfD پارتێکی راستڕۆیە و دژی کۆچبەرە."
بەگوێرەی دوایین راپرسی، پێشبینی دەکرێت پارتی کریستیان دیموکرات لە هەڵبژاردنەکەی 23-02-2025دا 30%ی دەنگەکان، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 21٪ی دەنگەکان، پارتی سۆسیاڵ دیموکرات کە پارتەکەی ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئێستای ئەڵمانیایە 18% دەنگەکان بەدەستبێنن.
'کۆمەڵگەی کوردی تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ئەڵمانی بووە'
رۆژی 16-01-2025 پارتی AfD لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد و لەسەر درووشمەکانی ناردنەوەی پەناخوازان بەردەوام بوو و تەنانەت داوای کرد ئەڵمانیا لە یەكێتیی ئەورووپا بچێتە دەرەوە.
عەلی تۆپراک بە رووداوی گوت، "بێگومان ترسێکی زۆر لەنێو خەڵکدا لەبارەی ئەو پارتە بڵاوبووەتەوە. کێشەیەکی زۆر گەورە لەگەڵ کۆچی نایاسایی هەیە، بەتایبەت ئەوانەی لەم چەند ساڵەی رابردوودا هاتوونەتە ئەڵمانیا و ئاوێتەی کۆمەڵگە نەبوون."
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، "بەڵام کورد و خەڵکی دیکە هەن ساڵانێکە لێرە دەژین و تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەڵمانی بوون. گرووپی تووندڕۆش هەن رێز لە ئەڵمانیا ناگرن و بە ئاشکرا تاوان دەکەن."
بەربژێرە کوردەکە دیدی پارتەکەی لەبارەی پەنابەر و پەناخوازان زیاتر روونکردەوە و گوتی: "پارتی کریستیان دیموکرات دەڵێت، زۆربەی پەنابەرانی ئەڵمانیا ئاوێتە بوون و بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگە، بەڵام ئەوانەی پابەندی یاسا نابن، پێویستە چارەسەرێکیان بکرێت و لێرە نەمێنن. هەرچی AfDیە دەڵێت پێویستە هەرچی پەناخوازە دیپۆرت بکرێتەوە."
پێگەی کورد لە ئەڵمانیا
تۆپراک لەبارەی کوردەوە زیاتر قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "حەز دەکەم کورد [لە ئەڵمانیا] ببێتە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و هەوڵی زۆریش بۆ ئەوە دەدەم. لە تەواوی ژیانی خۆمدا کاری زۆرم بۆ یەکگرتوویی کورد کردووە. دوێنێش لە کوردستان بینیمان مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم کۆبوونەوە و زۆر دڵم پێخۆشبوو. رەچەڵەکی من کوردە و حەز دەکەم کورد مافی خۆی بەدەستبێنێت. من وەک سیاسەتڤانێک، خزمەتی هەموو کوردستان دەکەم."
رۆژی 28-11-2024 ژمارەیەک هاونیشتمانیی چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی ئەڵمانیا لە هۆڵێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کە تایبەتە بە بۆنەکان، یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی جڤاکا کوردیان کردەوە.
ئەو کات عەلی تۆپراک بە رووداوی گوت، "ئێمە لێرە لە بوندستاگی ئەڵمانیا یادی 30 ساڵەی خۆمان کردەوە. یەکەمین رێکخراوی کوردین کە لە بۆندستاگی ئەڵمانی ساڵیادی خۆی دەکاتەوە. هەمووان جەختیان لەوە کردەوە کۆمەڵگەی کورد بۆ ئەڵمانیا گرنگە."
جڤاکا کورد لە ئەڵمانیا نوێنەرایەتیی نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تاوەکو دوو ملیۆن کورد دەکات و بووەتە چەترێک بۆ رەوەندی کورد. ئەو جڤاکە چەندین ساڵە کار بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و بەدەستهێنانی مافی کورد لە ئەڵمانیا دەکات.
جڤاکا کورد سەرکەوتوو بووە لە شەش هەرێمی ئەڵمانیا، خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان بکەنە فەرمی.
ئاڵا شاڵی لە تۆپراکی پرسی، "کاری یەکەمت بۆ کورد چی دەبێت؟" تۆپراک لە وەڵامدا گوتی، "جگە لەوەی بەربژێری پەرلەمانی ئەڵمانیام، لە هەرێمی هامبۆرگیش هەڵبژاردن هەیە. ئەگەر لێرە خەڵک دەنگم پێبدەن و سەربکەوم، ئەوە واتە کورد سەردەکەوێت، چونکە من سەرۆکی جڤاکا کوردم لە ئەڵمانیا. دەبێت پیشانی بدەین کە کورد دیموکراسین و لە ئەڵمانیا پشتیوانی لە دیموکراسی دەکەن."
دەنگدان بەو پارتانەی دەتوانن نوێنەرایەتیی کورد بکەن
زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە. زۆربەی کوردی ئەڵمانیا لە بەرلین، هامبۆرگ، میونشن، فرانکفۆرت، شتوتگارت، هانۆڤەر، کیل و ئێسە دەژین.
لەبارەی بەدەستهێنانی دەنگی کوردی ئەڵمانیا بەتایبەت هامبۆرگ، عەلی تۆپراک گوتی: "پێویستە ئەو کوردانەی ئەڵمانیا کە مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگ بەو بەربژێرانە بدەن کە لە سیاسەتی ئەڵمانیادا دەتوانن نوێنەرایەتییان بکەن. منیش یەکێکم لەوان، ساڵانێکی دوورودرێژە لە ئەڵمانیا خزمەتی کورد دەکەم. ئەگەر لە هەڵبژاردن دەربچم، کاری یەکەمم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەوە دەبێت کە وەک دیپلۆماتێک خزمەتی کوردستان دەکەم و لە ئەڵمانیاش خزمەتی کورد دەکەم."
عەلی تۆپراک لەبارەی دۆخی ئێستای ئەڵمانیا بە رووداوی گوت: "ئەڵمانیا ئێستا بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە لە کێشەی ئابووریدایە. کەرتی وزەش کێشەیەکی دیکەیە. خەڵکی ئێمە چیدیکە دڵیان خۆش نییە. ئێمە پێویستیمان بە سیاسەتێکی بەهێزی دەرەوە هەیە. پێویستە یاسای باشترمان هەبێت و خزمەتی باشتریش بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ