یەکێتیی ئەورووپا هەوڵی پڕچەککردنی ئۆکراینا دەدات

17-02-2025
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ سەرقاڵی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینایە؛ یەکێتیی ئەورووپا هەوڵدەدات هاوکاریی سەربازیی زیاتر بداتە ئەو وڵاتە.
 
رۆژی دووشەممە، 17-2-2025، چەند بەرپرسێكی ئەورووپی خشتەیەکی تایبەت بە پێشکێشکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بە ئۆکراینایان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لە ساڵی 2025دا یەکێتیی ئەورووپا هاوکاری سەربازی زیاتر دەداتە ئۆکراینا، هاوکارییەکان لانیکەم ملیۆنێك و 500 هەزار گوللەتۆپیان لەخۆگرتووە".
 
تائێستا بەهای هاوکارییە سەربازییەکان چەندە، شرۆڤەکارانیش پێیانوایە هەنگاوەکەی برۆکسل زیاتر لە وەڵامی هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیا بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا.
 
لە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و پوتین، جووڵەی بەرپرسانی ئەمریکی و رووسی بۆ دانوستاندن لە بارەی وەستاندنی شەڕەکە دەستیپێکرد؛ ئیدارەی ترەمپ بە دووری دەزانێت ئەورووپییەکان بەشداری گفتوگۆکان بکەن، بەڵام چەند بەرپرسێكی نێو کۆشکی سپی ئاشکرایانکردووە: "یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکانی سەبارەت بە ئۆکراینا بخاتەڕوو و ئێمە لە بەرچاویان دەگرین".
 
هەندێ سەرچاوەی میدیایی ئەمریکا لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەورووپییەوە ئاماژەیان بەوە کردووە گوایە یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازی کردووە 20 تاوەکو 30 هەزار سەرباز سەر بە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لە نێو ئۆکراینا جێگیر بکرێن، بەڵام دوور بن لە هێڵی پێشەوەی جەنگ نزیک لە سنووری رووسیا.
 
بڕیاریشە لە فەرەنسا "لووتکەی پاریس" بەڕێوەبچێت و تێیدا "خاڵە هاوبەشەکان"ی وڵاتانی ئەندام لە بواری ئەمنی، بخرێنەڕوو.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رەخنە و گلەیی لە ئیدارەی ترەمپ گرتووە و گوتویەتی: "وڵاتەکەی پابەندی هیچ رێککەوتنێك نابێت ئەگەر بێت و بەشداری گفتوگۆکانی ئەمریکا و رووسیای پێ نەکرێت، هەر گفتوگۆیەک کیێڤی تێدا نەبێت پشتی پێ نابەسترێت و بە هیچ ئەنجامێكیش ناگەن".
 
ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بەو گفتوگۆیانە بە زمانێكی تووند وەڵامی رۆژنامەڤانانی داوەتەوە و گوتویەتی: "ناکرێت هیچ شتێك بەسەر ئۆکراینا بەبێ رەزامەندی خۆی، بەسەریدا بسەپێندرێت".
 
دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا نەیشاردەوە کە ئەورووپا لە رووی سەربازی و ئاسایشی ستراتیژییەوە رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە و گوتی: "دەبێت ئەو راستییە بڵێین کە ئەورووپا توانای بەرپەچدانەوەی سەربازی رووسیای نییە".
 
کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا یەکێک بووە لە بەڵێنە سەرەکییەکانی ترەمپ کە پێیوایە ئەگەر ئەو لە کۆشکی سپی بووایە ئەوا ئەو شەڕە هەرگیز رووی نە دەدا. 
 
لە دوای پەیوەندییەکەی لەگەڵ پووتین، ترەمپ پەیوەندی بە زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد و دواتر بە میدیای ئەمریکی راگەیاند: "هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئۆکراینا ئامادەیی خۆیان بۆ ئاشتیی پیشانداوە".
 
بڕیارە شاندی ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە کۆببنەوە بە مەبەستی بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانیان کە لە سەردەمی بایدندا زیانیان بەرکەوت، هەروەها گفتوگۆ بکەن لە بارەی خاڵە سەرەتاییەکانی ئامادەکردنی کۆبوونەوەی لووتکەی ترەمپ و پوتین، کە بڕیارە لە ریازی سعودیە بە ئامادەبوونی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیلۆن مەسک، خاوەنی تێسلا؛ بیڵ گەیتس، خاوەنی مایکرۆسۆفت و هاوارد لووتنیک، وەزیری بازرگانیی ئیدارەی ترەمپ

بەڵگەنامە نوێیەکان پەیوەندییەکانی گەیتس، مەسک و لووتنیک بە ئێپستینەوە ئاشکرا دەکەن

بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە نوێیەکانی تایبەت بە جێفری ئێپستین، بازرگان و تاوانکاری سێکسی، جارێکی دیکە سەرنجی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێک لە دەوڵەمەندترین و بەهێزترین پیاوانی ئەمریکا، لەنێویاندا بیڵ گەیتس و ئیلۆن مەسک