زیلینسکی: ئەمریکا دەیەوێت دڵی پووتین رازی بکات

17-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ئەمریکا هەوڵدەدات دڵی پووتین و رووسیا رازی بکات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا ئاراستەی سیاسەتی خۆی گۆڕی؛ دەشڵێت، ئەورووپا لاوازە.
 
رۆژی دووشەممە 17-02-2025 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند: "ئێستا ئەمریکا خەریکە شتانێک دەڵێت کە بەدڵی پووتینە، چونکە ئەوان دەیانەوێت ئەو رازی بکەن.
ئەوان دەیانەوێت بە خێرایی کۆببنەوە و بە خێرایی ببەنەوە، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیانەوێت تەنیا ئاگربەستە و ئاگربەستیش بردنەوە نییە."
 
سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداری دا: "ئێمە تەنیا بۆ ئەوە واژۆ لەسەر رێککەوتنێک ناکەین تاوەکو چەپڵەمان بۆ لێبدرێت، ئێستا گرەوێکی گەورە لەسەر چارەنووسی دەوڵەتەکەمان هەیە."
 
سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها رەتیکردەوە دەستبەرداری ئەو ناوچانەی وڵاتەکەی بێت کە رووسیا کۆنتڕۆڵی کردوون و گوتی: "هەموویان وەردەگرینەوە. ئۆکراینا لەو سێ ساڵەی رابردوو خۆڕاگرتر بووە و پووتین ناتوانێت بەو جۆرەی دەیویست داگیرمان بکات."
 
زیلینسکی جەختی لەوەشکردەوە، بەبێ پشتگیریی ئەمریکا، ئۆکراینا "ناباتەوە."
 
زیلینسکی هەروەها بێهیوایی خۆی لە ئەورووپا دەربڕی و گوتی: "هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوو خۆ ئامادەکردن هەبوو، بەڵام لە هێزی سەرباز، ژمارەی سەربازی شەڕکەر، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و درۆن؛ راشکاوانە بڵێم ئەورووپا لاوازە."
 
ئەو لێدوانەی زیلینسکی لەکاتێکدایە، ئەمریکا و رووسیا تیمیان ناردووەتە سعودیە بۆ ئەوەی لەسەر مژاری ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی نێوانیان گفتوگۆ بکەن؛ ئەمەش دوای ئەوەی چوارشەممەی رابردوو، ترەمپ و پووتین بە تەلەفۆن قسەیانکرد.
 
زیلینسکی دەڵێت، چونکە ئەوان بانگێشت نەکراون، بەشداری لە کۆبوونەوەکان ناکەن و شاند نانێرن. ئەمریکاش دەڵێت، هەر بڕیارێک لەسەر رێککەوتنی جەنگی ئۆکراینا هەبێت، ئۆکراینا خۆی قسەی کۆتایی لێدەکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە کێیس کێلۆگ، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی بۆ ئۆکراینا گوتی: "ئۆکراینییەکان خۆیان [لەسەر رێککەوتن] بڕیار دەدەن. زیلینسکی سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە، ئەو بڕیار دەدات و کەس ناتوانێت بەسەریدا بیسەپێنێت."
 
لەلایەکی دیکە، سەرکردەکانی ئەورووپا لەسەر دۆخی ئۆکراینا لە پاریس کۆبوونەوە و بەدوای ستراتیژییەتێک گەڕان، ئەمەش دوای ئەوەی ترسیان هەیە لەوەی ترەمپ لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ رووسیا، ئەوان پەراوێز بخات.
 
دوای قسەکردن لەگەڵ پووتین، ترەمپ قسەی لەگەڵ زیلینسکی کرد، سەرۆکی ئۆکراینا لەوبارەوە گوتی: "پێمگوت پێویستە ئەورووپییەکان بەشێک بن لەوە، ئەگەرنا یەکگرتووییمان لەدەست دەدەین."
 
هەفتەی پێشوو، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە برۆکسلەوە رەتیکردەوە هیچ سەربازێکی ئەمریکی بنێردرێنە ئۆکراینا. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.