رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان لانیکەم 344 کەس گیانیان لە دەستداوە. لافاو ناوچەیەکی فراوانیشی لە نیپال و هیندستان گرتەوە.
لە رۆژی پێنجشەممەوە بارانی بەخوڕ باکووری هەرێمی خەیبەر پاختونخوای لە باکووری رۆژهەڵاتی پاکستان و باکووری ئیسلامابادی گرتووەتەوە. بەو هۆیەوە لافاو لە رووبەرێکی فراوانی ناوچەکە دروستبووە.
بەگوێرەی دەستەی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکانی هەرێمەکە، جگە لەوانەی گیانیان لەدەست داوە، 150 کەسیش بێسەروشووێن بوون.
بیلال فایزی، گوتەبێژی فریاکەوتنی پاکستان رایگەیاند، پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان دەکەن. راشیگەیاند، گەڕان بەدوای بێسەروشووێنبووەکاندا بەردەوامە.
ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، خەڵکی ئەو دوو ناوچەیەی کە لافاو لێیداون، تیمە فریاگوزارییەکان لە هەوڵی بە هاناوەچوونی لێقەوماوان دان. دەشڵێت، بە بەشداری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان کردووە.
زاهیر بابار، بەرپرسی کەشناسی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەیان لەم ساڵانەی دواییدا رووبەڕووی کارەساتی سرووشتی وێرانکەر و تووندتر بووەتەوە. دەشڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە هۆکارەکان، بەڵام دروستکردنی خانوو لەسەر رێگەی رووبار، کانیاو و ئاو هۆکارێکی گەورەیە.
بەرپرسانی نیپال و هیندستانیش دەڵێن، لەو بەشەی هەرێمی کشمیری سەر بە هیندستانە و لە باکووری نیپالیش لە پێنجشەممەوە بارانی بەخوڕ چەند ناوچەیەکی گرتووەتەوە. بەرپرسانی هیندستان دەڵێن، بەهۆی لافاوەکەوە 34 کەس گیانیان لەدەستداوە. بە گوێرەی بەرپرسانی نیپاڵیش، بەهۆی لافاوەوە لانیکەم 10 کەس گیانیان لە دەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ