رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و بە "نایاسایی" ناویان دەبات و جەخت لە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دەکات، ئەوەش لە پێناو چارەسەری دیپلۆماسی بۆ دۆسییەی ئەتۆمی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا لە تەلەگرام رایگەیاند: "هیچ چارەسەرێک بۆ ناکۆکیی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، جگە لە رێگەی دیپلۆماسی بەدەست نایەت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئەو هێرشە چڕ و بەردەوامانەی ئیسرائیل دەیانکاتە سەر ناوەندە ئەتۆمییە ناسەلامەتەکانی ئێران، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاساییە، هەروەها هەڕەشەی قبووڵنەکراو بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت و جیهان بەرەو کارەساتی ئەتۆمی دەبات".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا هاتووە: "سەرکۆنەکردنی بەرفراوانی کردەکانی ئیسرائیل ئەوەی دەرخست ئیسرائیل تەنیا پاڵپشتی ئەو وڵاتانەی هەیە کە لە راستیدا لەم کارانەدا بەشدارن و بە هۆکاری هەڵپەرستی دەجووڵێنەوە".
وەزارەتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: "لێدوانە روونەکانی ئێران سەبارەت بە پابەندبوونی نەگۆڕی بە پابەندبوونەکانی پەیمانی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، ئامادەیی بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری ئەگەری هەموو گومانێک لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دەڕەوێنێتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "مۆسکۆ پشتگیری لەو هەڵوێستە دەکات و تەواو لەو بڕوایەدایە کە یەکلاییکردنەوە خوازراوەکە تەنیا لە رێگەی چارەسەریی دیپلۆماسی و گفتوگۆوە بەدەست دێت"؛ هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەکراوە: "مۆسکۆ چاوەڕوانی ئەوە لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەکات لە نزیکترین کاتدا راپۆرتێکی ورد و نووسراو پێشکێش بکات، لەگەڵ هەڵسەنگاندنێکی بابەتی و بێلایەنانە بۆ ئەو زیانانەی بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ