رووداو دیجیتاڵ
لە ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا، کەسێک بە دەستڕێژ، سێ کەسی کوشت و دووی دیکەی بریندارکرد، دواتر خۆشی لەلایەن کەسێکی دیکەوە کوژرا.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 18ـی تەممووزی 2022، پۆلیسی ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا رایگەیاند، پیاوێک بە چەکەوە خۆی کردووە بە مۆڵێکدا و دەستڕێژی هەڕەمەکیی بەنێو هۆڵێکی نانخواردندا کردووە و دواتر لەلایەن کەسێکی سڤیلەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
جیم ئایسن، ئەفسەری پۆلیس لە ناوچەی گرین وودی ویلایەتی ئیندیانا بە رۆژنامەڤانانی گوت کە پیاوەکە بە "چەکێک و ژمارەیەک فیشەکدانەوە" چووەتە نێو پارک مۆڵی گرینوود و تەقەی بەسەر خەڵکیدا کردووە. ئایسن گوتیشی کە "سڤیلێکی چەک بەدەست" لە بەردەم تەقەکەرەکە وەستاوەتەوە و تەقەی لێکردووە؛ لە ئەنجامدا، تەقەکەرەکەی کوشتووە.
بەرپرسانی پۆلیس، کاژێر 6ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەکاتی ئیندیانا [1ـی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەکاتی هەولێر] لە رووداوێکی تەقەکردن ئاگادارکراونەتەوە.
ئەفسەری پۆلیسەکە گوتیشی، بەو پێیە کۆی گشتیی چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بارودۆخی برینداران بکات.
لەبارەی لێکۆڵینەوەشەوە گوتی، تەقەکردنەکە تەنیا لە شوێنی خواردنەکە روویداوە. دەشڵێت، جانتایەکی گوماناوییان لە یەکێک لە دەستشۆرەکانی مۆڵەکە دۆزیوەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن. هەریەکە لە پۆلیسی ئیندیانا و "ژمارەیەک ئاژانسی دیکە" بەشدارن لە لێکۆڵینەوەدا. هاوکات، بەگوێرەی پۆلیس، تاوەکو ئێستا پاڵنەری پشت هێرشەکە دیار نییە.
گرین وود شارێکی باشووی ویلایەتی ئیندیانایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 60 هەزار کەسە.
هەفتەیەک پێش ئێستا هێرشێکی دیکەی چەکداری روویدا لە شاری شیکاگۆی ئەمریکا کە تەقەی بەسەر کۆمەڵێک خەڵکدا کرد و لە ئەنجامدا 7 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئەرشیفی تووندوتیژیی چەک لە ئەمریکا، لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 24 هەزار و 136 کەس بەهۆی رووداوی پەیوەست بە تەقەکردنەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەو ئامارەش، کوشتنی بە ئەنقەست، خۆکوژی و کوشتنی بێمەبەستیش دەگرێتەوە.
بڕیارە لیژنەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا تاوتوێی یاسایەکی قەدەخەکردنی چەک بکات کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە یەکەم یاسا لە دژی هەڵگرتنی چەک لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ