رووداو دیجیتاڵ
هەوڵێکی دیکەی جیهانی لەبارەی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پلاستیک شکستی هێنا. لە رابردوودا پێنجەمین گەڕی دانوستاندن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەبارەی پلاستیک سەری نەگرت، کۆبوونەوە و دانوستاندنی نێوان وڵاتان لە جنێڤ بەڕێوەچوو.
نوێنەرانی 180 وڵات کۆمەڵێک کۆبوونەوەی چڕیان کرد، بەڵام نەیانتوانی لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بگەنە رێککەوتن، بەم شێوەیە مەترسییەکانی پلاستیک لەسەر جیهان بەردەوام دەبێت و دەرگەی فراوانبوونی ئەو مەترسییانەش کراوەیە.
لە 2022ەوە 5 جار وڵاتانی جیهان هەوڵیان داوە پلاستیک و پاشماوەکانی سنووردار بکەن، بەڵام نەیانتوانیوە، دوایین گەڕی ئەو گفتوگۆیانە لە ئایاری ئەم ساڵ 10 رۆژ بەردەوام بوو، بەڵام هیچی لێ سەوز نەبوو.
بەرهەمهێنانی پلاستیک 441% زیاد دەبێت؛ قەبارەی پلاستیکی جیهان هێندەی 270 ملیۆن ئۆتۆمبێلە
پلاستیک بە شێوەیەکی مەترسیدار بەردەوامە لە بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوە لە ژینگەی وڵاتاندا، سەرنەکەوتنی گفتوگۆکان جیهان دەخاتە بەردەم مەترسییەک پێدەچێت چیدیکە نەتوانرێن چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمە هۆشداریی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە بەرهەمهێنانی پلاستیک لە جیهاندا.
بەهای بازرگانی جیهانیی پلاستیک لە ساڵی 2023دا بە زیاتر لە 1.1 تریلیۆن دۆلار مەزەندە کراوە، ئەوەش یەکسانە بە 323 ملیۆن تۆن پلاستیک، ئەو قەبارەیەی پلاستیکیش بەرامبەرە بە کێشی نزیکەی 270 ملیۆن ئۆتۆمبێلی قەبارەی مامناوەند لە جیهاندا.
پیشەسازیی پلاستیک بە شێوەیەکی خێرا پەرەی پێدراوە، لە ساڵی 1950 تەنیا دوو ملیۆن تۆن پلاستیک لە جیهاندا بەرهەمدەهێنرا، لە ساڵی 2022 بەرهەمەکە گەیشتووە 436 ملیۆن تۆن. بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێ، بەرهەمهێنانی پلاستیک لە ساڵی 2050 دەگاتە 884 ملیۆن تۆن، واتە دوای سەدەیەکی دیکە، بەرهەمهێنانی پلاستیک 441% زیاد دەبێت.
زیاتر لە 78%ـی بەرهەمی پلاستیک لەنێوان وڵاتاندا بازرگانی پێدەکرێت، واتە هەناردە و هاوردەدەکرێت و تەنیا 22%ـی لەنێو ئەو وڵاتانەدا بەکاردێت پلاستیک بەرهەمدێنن.
بەهای بازرگانیی پلاستیک لە ساڵی 2005ـەوە دوو هێندە زیادیکردووە، گەیشتووەتە 1.13 تریلیۆن دۆلار. ئێستا پلاستیک نزیکەی 5%ـی کۆی کاڵای بازرگانی لە جیهاندا بازرگانی جیهانی کاڵا پێکدەهێنێت.
لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا باج لەسەر پلاستیک 34% بۆ 7.2% دابەزیوە، ئەم کەمکردنەوەیە وایکردووە پلاستیک و بەرهەمەکانی نرخی هەرزانتر بێt بازرگانی بە ماددەکە ئاسانتر بێ.
بۆچی پلاستیک بەو خێراییە گەشەی کردووە؟
پلاستیک بە کەرەستەیەکی مێژووگۆڕ نێودەبرێت، کەم کەرەستە هەیە بە خێرایی ئەو ماددەیە ئابووریی جیهانی گۆڕی بێ، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە: کێشی سووکە و بەرگە دەگرێت و بەرهەمهێنانی هەرزانە، بۆیە لە هەموو بوارەکاندا بەکاردەهێنرێت، بەڵام سەرەڕای سوودەکانی، پلاستیک دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و زیانەکانی ئەو ماددەیە لەسەر ژینگە بە زیاتر لە 1.5 تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
پلاستیک فڕێدەدەین، بەڵام چی بەکاربێنین؟
کاخەز، شووشە و ئەلەمنیۆم و هەندێک کەرەستەی دیکە کە لە سەرچاوەکانی رووەکی دروستکراون دەبنە جێگرەوەی بێ زیانی پلاستیک، ئەو ماددانە دەکرێت دووبارە بەکاربێنەوە، بەکارهێنانیان ئاسانە و لە خاکدا بەئاسانی شی دەبنەوە بە تایبەتی ئەوانەی لە سەرچاوە رووەکییەکان دروستدەکرێن، بەکارهێنانیان تەنیا 14.4%ە لە جیهاندا، ئەمەش بەراورد بە پلاستیک زۆر کەمە.
بەهای بازرگانیی جێگرەوەکانی پلاستیک لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 485 ملیار دۆلار، بەڵام باجیان دوو هێندەی باجی پلاستیکە، ئەمەش رێگری لە فراوانبوونی بازرگانی ئەو کەرەستانە دەکات کە بە دۆستی ژینگە دادەنرێن.
بۆچی بەدوای جێگرەوەی پلاستیک بگەڕێین و پلاستیک چ کێشەیەک دروست دەکات؟
گەڕان بەدوای جێگرەوەی پلاستیک ئامانجەکەی ئەوەیە رێگە لە فراوانبوونی قەیرانێکی ژینگەیی بگیرێت، بڵاوبوونەوەی پلاستیک زۆر قەیران بەدوای خۆی دا دەهێنێت لەوانە:
- پیسبوون و لەدەستدانی فرەیی زیندەیی: پیسبوونی پلاستیک ساڵانە زیان بە زیاتر لە هەزار و 400 جۆری گیانەوەری کێوی دەگەیێنێت.
- گۆڕانی کەشوهەوا: 98%ـی پلاستیک لە سووتەمەنیی بەردینی دروست دەکرێت، ئەمەش نزیکەی 1.96 ملیار تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرهەم دەهێنێت، سووتاندنی پاشماوەی پلاستیکی گازی گەرمکەر و زیانبەخش دەردەدات.
قەیرانەکە لە چییەوە دروست دەبێت؟
کێشە سەرەکییەکەی پلاستیک ئەوەیە بەشی هەرە زۆری تەنیا یەکجار بەکاردێت و ریسایکڵ ناکرێت، بەمەش دەکەوێتە ناو ژینگە و بە سەتان ساڵ ناتوێتەوە، تاوەکو ئێستا 75%ـی ئەو پلاستیکەی بەرهەمهێنراوە، بووەتە پاشماوە و زبڵ و خاشاک، بەشێوەیەکی گشتی، تەنیا 10%ـی پلاستیک ریسایکڵ دەکرێت.
جیهان چاوەڕێ بڕیاری کرد، بەڵام نەکرا
رۆژی 14ـی ئاب، چاوەکان لەسەر جنێڤ بوون بۆ ئەوەی رێککەوتنێک لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک بکرێت، بەپێی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵی ریسایکلین و دووبارە بەکارهێنانی پلاستیک لەماوەی رابردوودا سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە دەبێت بڕیارێک لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بدرێت، ئەمە دەرفەتێکە لە بەردەم جیهان و ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، پێدەچێت ئەم دەرفەتە دوبارە نەبێتەوە چیدیکە نەتوانرێت قەیرانەکە چارەسەربکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ