ترەمپ و هاریس یەکدی بە لەنێوبردنی کۆمەڵگەی ئەمریکی تۆمەتبار دەکەن

18-09-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ترەمپ و هاریس یەکدی بە لەنێوبردنی کۆمەڵگەی ئەمریکی تۆمەتبار دەکەن. هاریس پێچەوانەی گەرمیی هەڵمەتی هەڵبژاردن، هەوڵیدا سارد و نەرم دەربکەوێت، بەڵام ترەمپ لە میشیگن بانگەشەی گەرم کرد.
 
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت، "شەرمەزارییەکی لەڕادەبەدەرە، دڵم بۆ ئەم کۆمەڵگەیە دەسوتێت، ترەمپ بە هەموو لایەکدا درۆ بڵاودەکاتەوە. ئەو لە بەرپرسیارێتی تێناگات و نازانێت چی بەو مایکرۆفۆنە دەڵێت و چ کاریگەرییەک جێدەهێڵێت. کاتی ئەوە هاتووە خەڵک لە رێگەی دەنگدانەوە رێگەی پێ نەدات مایکرۆفۆن بەکاربهێنێتەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا هەڵمەتەکەی لە ویلایەتی میشیگن دژ بە هاریس گەرم کرد و دەڵێت، "ئەگەر نەیبەمەوە، شتێکتان بەناوی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بۆ نامێنێتەوە، لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا هەمووی دەکەوێتە دەستی چینییەکان. هاریس هاوشێوەی بایدن پیشەسازیتان لەنێو دەبات، بە رێگەدان بە هاتنی ئەو کۆچبەرانەش هەڕەشەی سەر کۆمەڵگەی ئەمریکیش زیاتر دەکات."
 
میشیگن یەکێكە لە ویلایەتە یەکلایی نەبووەوەکان، کە ترەمپ و هاریس شەڕی لەسەر دەکەن؛ ویلایەتەکە بە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، تەکنەلۆجیا و کشتوکاڵی ناسراوە.
 
جۆن راسڵ، دانیشتووی میشیگن دەڵێت، "نرخی گاز و خۆراک گرانە، لە سەردەمی ترەمپدا هیچ شەڕێك نەبوو، سنوورەکان داخرابوون، پیشەسازیی ئۆتۆمبێلمان باش بوو، هەموو شتێك باشتر بوو."
 
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ویلایەتە، ئەو 325 هەزار دەنگدەرە عەرەبەیە کە لە شێوازی مامەڵەی ئیدارەی بایدن، لەنێویاندا هاریسی جێگری، لەگەڵ شەڕی غەززە ناڕازین.
 
دووریش نییە بەشی زۆریان دەنگ بە ترەمپ بدەن و بیکەنە براوەی 15 دەنگی کۆمەڵەی هەڵبژاردنەکەی.
 
لە 2016 ترەمپ میشیگنی بە 11 هەزار دەنگ لە هیلاری بردەوە و لە 2020 بە 150 هەزار دەنگ بە بایدنی دۆڕاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە