رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ رووداو: پار زیاتر لە 118 هەزار گەشتیار سەردانی بەستەڵەکی باشووریان کردووە

18-09-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

‎رووداو دیجیتاڵ 

‎رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەنتارکتیکا بۆ رێکخستنی گەشت بۆ بەستەڵەکی باشووری زەوی (ئەنتارکتیکا) بە رووداوی راگەیاند، لە وەرزی گەشتیاریی 2024 بۆ 2025دا، زیاتر لە 118 هەزار گەشتیار سەردانی ئەنتارکتیکایان کردووە. 

رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2025، رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەنتارکتیکا بە رووداوی رایگەیاند، لە وەرزی گەشتکردنی 2024-2025دا 118 هەزار و 162 کەس گەشتی ئەنتارکتیکایان کرد، ئەمە 5٪ لە وەرزی گەشتکردنی پێشتر کەمترە. 
 
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، 36 هەزار و 769 گەشتیار لەوانەی لە وەرزی گەشتکردنی 2024-2025دا چوونەتە ئەنتارکتیکا، بە کەشتیی کروز رۆشتوون و قاچیان نەخستووەتە سەر بەستەڵەکەکان. 
 
رێکخراوەکە گوتیشی، "گرنگییەکی زۆر بە پاراستنی ژینگەی ئەنتارکتیکا دەدەین و گەشتیاران لەکاتی دابەزین ناتوانن هیچ شتێک لەگەڵ خۆیاندا ببەنە سەر خاکی ئەوێ."
 
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە لەبارەی رێکارەکانیان بۆ پاراستنی ناوچەکە دەڵێن: "بۆ پاراستنی ئەنتارکتیکا رێگە بە دابەزینی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە کەشتییەکانەوە لە یەک کاتدا نادەین، راپۆرتی چاودێریی پێش گەشتی گرووپێک و دواترمان هەیە بۆ زانینی کاریگەرییە ژینگەییەکان و چەندین رێنمایی دیکە." 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی ئەو رێکخراوە، بەشێکی کارەکەیان بۆ پاراستنی جەمسەری باشووری پاڵپشتیکردنی ئەو توێژینەوانەیە کە لەسەر پاراستنی ئەنتارکتیکا دەکرێن، ئەمەش بۆ بینینی ئەگەری ئەو کاریگەرییانەیە بە زووترین کات دەکرێت گەشتیاران لەسەر سرووشتی ناوچەکە هەیانبێت. 
 
سەبارەت بە پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیش، ئەو رێکخراوە داوا دەکات یاسای گونجاو لەسەر بنەمای ستانداردە زانستییەکان دابڕێژرێن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بە باشی بمێننەوە. 
 
‎رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەنتارکتیکا بۆ رێکخستنی گەشت بۆ بەستەڵەکی باشووری زەوی، ساڵی 1991 دامەزراوە و پاڵپشتی گەشتێکی سەلامەت بۆ ئەنتارکتیکا دەکات، کە تێیدا هیچ زیانێک بە ژینگەی ناوچەکە نەگەیێندرێت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە