رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی ڤەنزوێلادا قسە لەبارەی گرژییەکانی نێوانیان دەکات. دەشڵێت، "ئاساییە" ئەگەر هێرشبکەنە سەر گرووپی قاچاخچی بە مادە هۆشبەرەکان لە خاکی مەکسیک.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی هێزەکانی ئەمریکای لە دەریای کاریبی زیاد کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی ناوی لێدەنێت بازرگانانی مادەی هۆشبەر، کە لە ژمارەیەک وڵاتی ئەمریکای لاتین وەک ڤەنزوێلا و مەکسیک نیشتەجێن.
ترەمپ لە کۆشکی سپی کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا لەگەڵ نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا قسە دەکات لە وەڵامدا گوتی، "لە کاتێکی دیاریکراودا، قسەی لەگەڵ دەکەم"، لە کاتێکدا دەشڵێت کە سەرۆکی ڤەنزوێلا "بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان باش نەبووە."
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا سەربازانی ئەمریکا لەسەر خاکی ڤەنزوێلا رەتدەکاتەوە، ترەمپ وەڵامی دایەوە: "نەخێر، ئەوە رەت ناکەمەوە، هیچ شتێک رەت ناکەمەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنیا دەبێت ئاگامان لە ڤەنزوێلا بێت چونکە سەدان هەزار کەسیان لە زیندانەکانەوە فڕێداوەتە وڵاتەکەمان."
ڤەنزوێلا واشنتنی تۆمەتبار کردووە بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی رژێم لە کاراکاس، چونکە رۆژ بە رۆژ ئامادەکارییە سەربازییەکانی لە نزیک سنوورەکانی ڤەنزوێلا زیاتر دەکات، ئەوەش لە رێگەی گواستنەوەی ژمارەیەک فڕۆکەهەڵگر، کەشتی جەنگی و چەندین فڕۆکەی شاراوە بۆ ئەو ناوچانە.
واشنتن، مادۆرۆ بە سەرکردایەتیکردنی کارتێلێکی مادە بێهۆشکەرەکان تۆمەتباردەکات، تۆمەتێک کە ئەو رەتیدەکاتەوە.
ترەمپ مەکسیکیشی تۆمەتبار کردووە بە شکستهێنان لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپەکانی بازرگانیکردن بە مادە بێهۆشکەرەکان و قسەکانی بەرامبەر بە دراوسێ باشوورییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان تووندتر کردووە.
کاتێک رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی پرسیاریان لە ترەمپ کرد ئایا هێرشدەکە سەر ئەو گرووپانە لە خاکی مەکسیکدا، گوتی، "ئایا هێرشدەکەمە سەر مەکسیک بۆ وەستاندنی مادە بێهۆشکەرەکان؟ بەلای منەوە ئاساییە. هەر شتێک پێویست بێت بۆ وەستاندنی مادە بێهۆشکەرەکان دەیکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ