رووداو دیجیتاڵ
دادگاییکردنی ژن و مێردێکی کورد لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. پەیامنێری رووداو دەڵێت، "ئەندامی پێشووی داعشن؛ لە ساڵانی 2015 و 2017ـدا دوو منداڵیان رفاندووە."
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایاری 2025 زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا گوتی، "لە دادگەی باڵای هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا، لە شاری میونشن دادگایی دوو کەسی خەڵکی باشووری کوردستان، کە ئەندامی پێشووی رێکخراوی داعش بوون، بەڕێوەدەچێت."
بەپێی زانیارییەکانی زنار شینۆ، ئەو دوو هاووڵاتییە ژن و مێردن کە لە ساڵانی باڵادەستبوونی داعش لە موسڵ ئەندامی رێکخراوەکە بوون و لە دادگە پشتڕاست کراوەتەوە. پیاوەکە ناوی توانا خەلیل حەمە شەریفە و لەدایکبووی ساڵی 1981ی هەڵەبجەیە، ژنەکەش ناوی ئاسیا رائید عەلییە و لەدایکبووی ساڵی 1996ی کەرکووکە.
پەیامنێری رووداو گوتی، "هەردوو تۆمەتبار، لە 9ی نیسانی 2024 لە ئەڵمانیا دەستگیرکران؛ ئەمڕۆ یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنیان بەڕێوەدەچێت. هەردووکیان بە ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش تۆمەتبارن."
ئەو ژن و مێردە، لە ساڵی 2015 تاوەکو 2017 دوو کچی کوردی ئێزدییان رفاندووە؛ پیاوەکە دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەر منداڵەکان کە ئەوکات یەکێکیان تەمەنی 5 ساڵ و ئەوەی دیکە 12 ساڵ بووە. ئەوان ئیشی ماڵەوەیان بە منداڵەکان پێکردووە؛ دواتر منداڵەکانیان بە خەڵکی دیکە فرۆشتوون.
زنار شینۆ دەڵێت، "یەکێک لەو دوو منداڵە رزگاری بووە و ئەوی دیکە تاوەکو ئێستا ونە. ئەوەی رزگاری بووە، ئێستا لە ئەڵمانیایە و گەواهیدەری کەیسەکەیە لە دادگەی ئەڵمانیا دژی ئەو ژن و پیاوە."
بە گوێرەی زانیاریی پەیامنێری رووداو، ئەمڕۆ پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە، توانا خەلیل حەمە شەریف لە دادگە سیناریۆیەکی دروست کردووە کە گوایە لە زیندان ئازاردراوە و لێیدراوە؛ دادگە رەوانەی نەخۆشخانەی کردووە و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دادگاییکردنیان دەستپێدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ