دۆسیەی باوکێکی کورد بووە یەکەمین دۆسیەی 'کوشتن لەسەر شەرەف' لە بەریتانیا

19-07-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، پەنابەرێکی کورد کە کچە 16 ساڵانەکەی خۆی لە بەریتانیا کوشتبوو، بووە یەکەمین کەیسی فەرمیی تۆمارکراوی "کوشتن لەسەر شەرەف" لەو وڵاتە. 
 
بە گوێرەی راپۆرتێکی میدیای بەریتانیا، عەبدوڵڵا یونسی تەمەن 69 ساڵ، لە 12ی تشرینی یەکەمی 2002دا، لە ماڵەکەی خۆیاندا لە ناوچەی ئاکتۆن لە رۆژئاوای لەندەن، بە شێوەیەکی "دڕندانە" هێرشی کردووەتە سەر هێشووی کچی و بە چەقۆ کوشتوویەتی. هۆکاری تاوانەکە ئەوە بووە کە باوکەکە پێیوابوو کچەکەی "وەک رۆژئاواییەکان رەفتار دەکات".
 
پێش کوشتنی، هێشوو پلانی دانابوو لە ماڵەوە هەڵبێت، ئەمەش دوای ئەوەی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێکی لوبنانی 18 ساڵەدا دانابوو.
 
عەبدوڵڵا لە ساڵی 2003 لە دادگەی ئۆڵد بەیلی، دانی بە تاوانەکەیدا نا و سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بە مەرجێک کە دەبێت لانیکەم 14 ساڵ لە زیندانێکی بەریتانیا بمێنێتەوە. دوای تەواوکردنی کەمترین ماوەی سزاکەی، یونس لە مانگی نیسانی 2017 دیپۆرتی عێراق کرایەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێندا و لە کاتی شەڕی یەکەمی کەنداودا لە عێراق هەڵاتبوو و مافی پەنابەری لە بەریتانیا پێدرابوو.
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رەزامەندی لەسەر دیپۆرتکردنەوەی یونس دابوو بەپێی یاسای دیپۆرتکردنەوەی ئەو زیندانییە بیانییانەی کە سزای بێسنووریان هەیە و کەمترین ماوەی سزاکەیان تەواو کردووە.
 
لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا، دەستەی سوێندخۆران ئاگادارکرانەوە کە عەبدوڵـڵا، بە پێچەوانەی خێزانەکەی و بەتایبەتی هێشوو، هەرگیز نەیتوانیبوو خۆی لەگەڵ ژیانی بەریتانیادا بگونجێنێت.
 
پۆلیس ئاشکرای کرد کە هێشوو پێش کوشتنەکەی رووبەڕووی تووندوتیژیی قورسی خێزانی بووەتەوە. هەروەها چەند رۆژێک پێش ئەوەی پلانی هەڵاتنی دابڕێژێت نامەیەکی بۆ دایک و باوکی نووسیبوو. لە نامەکەدا هاتبوو: "ماڵئاوا باوکە، ببوورە کە بوومە مایەی ئەم هەموو کێشەیە. هیوادارم چێژت لە تاقیکردنەوەی هێزی خۆت لەسەر من وەرگرتبێت. دەستخۆش."
 
کەیسی هێشوو یەکەمین کەیسی کوشتن بوو لە بەریتانیا کە بە یاسایی وەک "کوشتن لەسەر شەرەف" ناسێنرا و لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا. ئەمەش بووە هۆی دامەزراندنی هێزێکی کاری تایبەتمەند بە تووندوتیژییەکانی پەیوەست بە شەرەف و دواتر پێداچوونەوە بە زیاتر لە 100 کەیسی پێشووتری کوشتن و خۆکوشتندا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا "شەرەف" هۆکار بووە یان نا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە