ئەڵمانیا مانگانە هەزار پەنابەری ئەفغانی وەردەگرێت

19-10-2022
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد کە بەنیازن بەگوێرەی بەرنامەیەکی تایبەت و لە داهاتوویەکی نزیکدا، مانگانە هەزار پەنابەری ئەفغانی وەربگرن بە تایبەتی ئەو ئەفغانییانەی کە بەهۆی دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە. 
 
رۆژی سێشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2022، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەرنامەیەکی نوێیان داناوە بۆ وەرگرتنی پەنابەری ئەفغانی بە تایبەتی ئەو ئەفغانییانەی کە بەهۆی تاڵیبانەوە ژیانیان لە مەترسیدایە لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئەفغانستان لە ئابی 2021. 
 
بەرلین بەڵێنیداوە کە بەگوێرەی ئەو بەرنامەیە، 38 هەزار ئەفغانی وەربگرێت کە ژیانیان لەمەترسیدایە و تائێستا نزیکەی 26 هەزار ئەفغانییان وەرگرتووە. 
 
هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەگوێرەی ئەو بەرنامە نوێیەیان کە مانگانە هەزار ئەفغانی وەردەگرن، ئەو ئەفغانییانە دەگرێتەوە کە لە بوارەکانی داد، سیاسەت، میدیا، پەروەردە، کولتوور، وەرزش و زانستدا کار دەکەن و بەهۆی پیشەکانیانەوە مەترسی بۆسەر ژیانیان دروستبووە. 
 
هەر رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، نانسی فرەیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد "بەگوێرەی ئەو مەرجانەی لە بەرنامەکەدا دیاریکراون، ئێمە دەتوانین مافی پاراستن بۆ ئەو ئەفغانییانە دابین بکەین کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە".
 
هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەڵمانی ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەڵمانی هاوئاهەنگی دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانە و بەنیازیشن تاوەکو تشرینی یەکەمی 2025 لەو بەرنامەیە بەردەوامبن.
 
دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئابی 2021، زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا لەو وڵاتە کشانەوە و ئەڵمانیاش تاوەکو ئێستا دانی بە تاڵیباندا نەناوە وەکو دەسەڵاتی شەرعیی ئەفغانستان. 
 
دوای کشانەوەی ئەڵمانیا، حکومەتی بەرلین بە هەزاران ئەفغانی وەرگرت کە لە چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ هێزەکانی ئەڵمانیا لەو وڵاتە کاریان کردبوو. 
 
هەروەها رۆژی سێشەممە، 18ی تشرینی یەکەم، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بەو بەرنامە نوێیەی وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی ئەفغانی رایگەیاند، ئامانجی بەرنامەکەیان وەرگرتنی ئەو ژن و کچە ئەفغانییانەیە کە لە پارەوە رووبەڕووی پێشێلکاری بوونەتەوە و مافەکانیان سنووردار کراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتگیریی هەرێمی کوردستان وەک 'دۆست و هاوپەیمان' نیشاندا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی، وەزیرە ئەڵمانییەکە، پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان وەکو 'دۆست و هاوپەیمان' نیشانداوە.